دادگای فیدراڵی لەبارەی چوار سكاڵا كە پەیوەندییان بە كوردەوە هەیە كۆدەبێتەوە
  2024-03-30       526       

بڕیارەی سبەی یەكشەممە، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر چوار سکاڵا کۆدەبێتەوە کە هەر چواریان پەیوەندییان بە باشوری کوردستانەوە هەیە.

بەگوێرەى خشتەى کارى دانیشتنەکانی دادگاى باڵاى فیدراڵیى عێراق، سکاڵای یەکەم لەبارەی بڕیاری نادەستوریبونی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەیە بە ژمارە 949ی ساڵی 1977 لەبارەی مافی مامەڵەکردن بە ژمارەیەک پارچە زەوییەوە. دوایین دانیشتنی دادگا لەسەر ئەو کەیسە لە 21ی شوباتی 2024 بەڕێوەچو. سکاڵاکە لەلایەن گوڵخاتر حەبیب، دەشتی خدر، تەحسین عەبدولقادر، سابیر عەبدوڵڵا، ئیبراهیم مەولود و رەمزی حەمیدەوە تۆمار کراوە.

سکاڵای دوەم لەبارەی بڕیاری نادەستوریبونی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتیی شۆڕشی هەڵوەشاوەیە بە ژمارە 824ی ساڵی 1976ـە، کە تایبەتە بە زەوییەکانی داقوق. دوایین دانیشتنی دادگا لە 21ی شوباتی 2024 بەڕێوەچو.

هەروەها سبەی ئەو دادگایە یەکەم دانیشتن دەکات بۆ تاوتوێى سکاڵایەک کە وەزیرى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى داخستنى کەمپى ئاوارەکان لە هەرێمى کوردستان تۆماری کردوە. لە سکاڵاکەدا داوا کراوە بەرپرسانى هەرێمى کوردستان ناچار بکرێن بە جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 24007ى ساڵى 2024ى ئەنجومەنى وەزیرانی عێراق، کە تایبەتە بە گەڕاندنەوەى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان و داخستنى کەمپى ئاوارەکان.

ئەو بڕیارەى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق لەسەر بنەماى راسپاردەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەرچو و گرنگترین خاڵەکانى بریتین لە دیاریکردنى 30ى حوزەیران بۆ داخستنى کەمپى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان و گەڕانەوەى خۆویستانەى ئاوارەکان؛ هەروەها پێکهێنانى لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران و بە بەشدارى نوێنەرانى وەزارەتى تەندروستى و پەروەردە و نوێنەرانى هەرێمى کورستان بۆ داخستنى کەمپەکان.

وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، 30ى تەمموزى دیاری کرد وەک دوا وادە بۆ خەرجکردنى چوار ملیۆن دینار وەک هاوکارى دارایی بۆ ئەو ئاوارانەى لە هەرێمى کوردستانەوە دەگەڕێنەوە زێدى خۆیان و دواى ئەو وادەیە ئەو بڕە پارەیان پێنادرێت.

بەگوێرەى ئامارى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق، زیاتر لە 30 هەزار خێزانى ئاوارەى پارێزگاکانى عێراق لە 23 کەمپى هەرێمى کوردستاندا دەژین.

دوایین سکاڵاش کە دادگاکە تاوتوێی دەکات لەلایەن نەهرۆ مەحمود قادر، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق لەسەر سەرۆکوەزیران، ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری نەوتی عێراق تۆمار کراوە، کە داوای کردوە ئەو نەوتە سپییەی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رەوانەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەهەمان نرخ دابەش بکرێت.

حکومەتی عێراق نرخی هەر لیترێک نەوتی سپی بە 150 دینار بۆ پارێزگاکانی عێراق دابین دەکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×