سه‌ڵاحه‌دین به‌هائه‌دین: هەموو دامەزراوەشەرعیەکان لەمەترسی هەڵوەشاندنەوەدان
  2024-03-31       371       
سه‌ڵاحه‌دین محمد به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری‌ گشتیی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان

ئه‌مینداری‌ گشتیی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان ده‌ڵێت، دوای 33 ساڵ له‌حوكمڕانی‌ی، هەموو دامەزراوەشەرعیەکان لەمەترسی هەڵوەشاندنەوەدان‌و دەسەڵاتی کاربەڕێکەریش بێمنەتانە چاوی بڕیوەتە خواستە حزبی و شەخسیەکانی خۆیان و حسابێک بۆ ئەم حاڵەتە مەترسیدارە ناکات، ئیستحقاقی هەڵبژاردن کەوتوەتە مەترسی ڕێگریەوە.

ئاوێنه‌: سه‌ڵاحه‌دین محمد به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری‌ گشتیی‌ یه‌كگرتوی‌ ئیسلامیی‌ كوردستان له‌باره‌ی ساڵیادی‌ كۆڕه‌وه‌ ملیۆنه‌كه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌ساڵی‌ 1991، له‌په‌یامێكدا رایگه‌یاند، "داخەکەم شەڕی کۆنە قین وبراکوژی و عەقڵیەتی نادادی وخۆسەپێن، نەیهێشت ئەودەسکەوتانە پەرەبسەنن و دەستی بێگانەی کێشایە وڵاتەکەو نەیهێشت مۆتەکەی شەڕی ناوخۆ لەسەر سەری ئەم گەلە ستەمدیدەیە لابچێت.. بەردەوام هەرچەند ساڵ جارێک بەشێوازی جیاواز شەڕەنەگریسەکە سەرهەڵئەداتەوە."

راشیگه‌یاند، "‏ئیستەش دوای سی وسێ ساڵ، واهەموو دامەزراوەشەرعیەکان لەمەترسی هەڵوەشاندنەوەدان. بژێوی وگوزەرانی خەڵک لەوپەڕی خراپیدایە، موچەی موچەخۆران لەنێوان مەرامە سیاسیەکاندا بووەتە قوربانی، زەنگی جەنگی ناوچەیی وهەرێمی لەلێدانەوە نزیکە، بێمتمانەیی و ناتەبایی زاڵ بوە بەسەر پەیوەندی حزبەکان وبازاڕیان وهاوڵاتیاندا بەگشتی."

ئه‌مینداری گشتی یه‌كگرتو ئه‌وه‌ی خسته‌رو، "کێشەکۆمەڵایەتیەکان لەپەرەسەندندایە، دەسەڵاتی کاربەڕێکەریش بێمنەتانە چاوی بڕیوەتە خواستە حزبی وشەخسیەکانی خۆیان وحسابێک بۆ ئەم حاڵەتە مەترسیدارە ناکات، ئیستحقاقی هەڵبژاردن کەوتوەتە مەترسی ڕێگریەوە، سەرباری ئەوەش خەریکی تۆمەت بەخشینەوەو بازنەی ناحەزفراوانکردنن، ئازان لەتۆراندنی دۆست و زۆرکردنی ناحەزدا، کاران لە قوفڵکردنی چارەسەرو قەیران زۆرکردندا، زۆر بەداخەوە بۆ ئەم بارودۆخە نەخوازراوە، بەڵام گەلێک خاوەنی ڕاپەڕین و کۆڕەو بێت، خاوەنی ئەم هەموو سەروەتە مرۆیی و سروشتی و مێژووە شکۆدارەبێت، بێ هیوا نابێت، ئەتوانێ ئەم قۆناغەش بەڕێ بکات.."

سه‌ڵاحه‌دین محمد به‌هائه‌دین ده‌شڵێت، "هەرچەند کۆسپ لەرێی گۆڕانکاری وچاکسازیدا درووست بکرێ، ئایندە هەربۆ گەلەکەمانە، پشت و پەنامان ئەو خوایەیە کە لەنائومێدی هیوا ئەخولقێنێ ، داواکارم نوێژو ڕۆژووی هەموو لایەک قبوڵ بکات وعیبادەتەکانی شەوانی قەدر مان گیرابکات.."
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×