تائێستا پێنج لایه‌نی‌ سیاسی‌ لیستی‌ ناوی‌ كاندیده‌كانیان پێشكه‌شی‌ كۆمسیۆن كردووه‌
  2024-03-31       559       

تا ئێستا هەریەک لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەریی، یەکگرتوی ئیسلامی، به‌ره‌ی‌ گه‌ل‌و هاوپه‌یمانی‌ هه‌ڵوێست لیستی‌ ناوی‌ كاندیده‌كانیان پێشكه‌شی‌ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق كردووه‌.

ئاوێنه‌: به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی‌ ئاوێنه‌، تا ئێستا هەریەک لەیەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کۆمەڵی دادگەریی، یەکگرتوی ئیسلامی، به‌ره‌ی‌ گه‌ل‌و رەوتی هەڵوێستی نیشتمانیی لیستی‌ ناوی‌ كاندیده‌كانیان پێشكه‌شی‌ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق كردووه‌.

ئاوێنه‌ ئه‌وه‌شی‌ زانیوه‌ كه‌  لیسته‌كه‌ی‌ لاهور شێخ جه‌نگی -به‌ره‌ی‌ گه‌ل- ته‌نها له‌هه‌ولێرو دهۆك لیستی كاندیدی پێشكه‌شی‌ كۆمسیۆن كردووه‌.

نیوه‌ڕۆی‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا بۆ جاری دووه‌م واده‌ی وه‌رگرتنی لیستی كاندیدی حیزب‌و هاوپه‌یمانێتییه‌كانی تا كاتژمێر 12ی ئه‌مشه‌و درێژكرده‌وه‌. 

واده‌ی وه‌رگرتنی لیستی كاندیده‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان رۆژی 28ی مانگ كۆتاییهات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان لیستی پێشكه‌ش نه‌كرد، واده‌كه‌ تا ئه‌مڕۆ درێژكرایه‌وه‌. 

هاوكات جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، "ئەمە دوایین وادەیە بۆ وەرگرتنی لیستی كاندیدەکان". 

به‌پێی‌ ئه‌و واده‌یه‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم‌و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق له‌سه‌ری‌ ڕێككه‌وتون، بڕیارە ڕۆژی‌ 10ی 6ی 2024، ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەرێوەبچێت‌، به‌ڵام هێشتا ڕون نییه‌ هه‌ڵبژاردن له‌و واده‌یه‌ی‌ بۆی‌ دیاریكراوه‌، ئه‌نجامده‌درێت یاخود بۆ جاری‌ چواره‌م دواده‌خرێته‌وه‌.

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان داوای‌ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن ده‌كات به‌پاساوی‌ بڕیاره‌كانی‌ دادگای‌ باڵای‌ فیدراڵی‌ عێراق.

رۆژی‌ 21ی‌ 2ی‌ 2024، دادگای فیدراڵی عێراق له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵایه‌كی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان 11 كورسییه‌كه‌ی "كۆتا"ی پێكهاته‌كانی له‌په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و ژماره‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی بۆ 100 كورسی كه‌مكرده‌وه‌، له‌پاڵ ئه‌مه‌دا سیسته‌می هه‌ڵبژاردنی كوردستانی له‌ (یه‌ك بازنه‌)ییه‌وه‌ گۆڕی بۆ (فره‌ بازنه‌)و كوردستانی دابه‌شكرد به‌سه‌ر چوار بازنه‌ی هه‌ڵبژاردندا (هه‌ولێر- سلێمانی- دهۆك- هه‌ڵه‌بجه‌)، 100 كورسییه‌كه‌شی دابه‌شكرد به‌سه‌ر چوار بازنه‌كه‌دا. هه‌روه‌ها كۆمسیۆنی‌ باڵای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ عێراقی‌ ڕاسپارد بۆ به‌ڕێوه‌بردن‌و سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.

پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ئه‌م بڕیارانه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌ به‌ "پیلانگێریی‌و ناده‌ستوریی" له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، چونكه‌ ئه‌م گۆڕانكارییانه‌ له‌یاسای هه‌ڵبژاردندا له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ نین‌و وا ده‌كات پارتی زۆرینه‌ی‌ ناو په‌رله‌مان له‌ده‌ستبدات‌و له‌مه‌ودوا ئه‌و حیزبه‌ ناتوانێت هاوشێوه‌ی خولی پێنجه‌می‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان‌و خوله‌كانی‌ پێشوتر، به‌پشتیوانی كورسی "كۆتا"ی پێكهاته‌كان، رێژه‌ی 50+1ی په‌رله‌مان مسۆگه‌ر بكات‌و یاساو بڕیاره‌كانی‌ په‌رله‌مان به‌دڵ‌و ویستی‌ خۆی تێپه‌ڕێنێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×