وەزارەتی شارەوانی: دەست بە ئامادەكارییەكان بۆ دابەشكردنی زەوی كرا
  2024-04-02       167       

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، وەزارەتەكەیان دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا كردو وەزیر لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد كە بەزوترین كات دەست بە ئامادەكارییەكانی دابینكردنی زەوی بكەن و لە كاتێكی دیاریكراودا ڕێكارەكان تەواو بكرێن.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ سێشەممە، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبونەوەیەكی فراوانی تایبەت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا بەڕێوەچو و ئامادەكارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ دابەشكردنی زەوی دەستیپێكرد.

لە كۆبونەوەكەدا ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی یاسا و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتی و سەرۆكی شارەوانییەكان لەگەڵ بەڕێوەبەرانی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان ئامادەی بون و تێیدا ئامادەبوانی كۆبونەكەی ڕاسپارد كە "بەزوترین كات دەست بە ئامادەكارییەكانی دابینكردنی زەوی بكەن و لە كاتێكی دیاریكراودا ڕێكارەكان تەواو بكرێن بۆ ئەوەی ئەوانەی لە بڕیارەكەی حكومەت سودمەند دەبن ببنە خاوەن زەوی خۆیان."

ساسان عەونی ئاماژەی بەوەشداوە كە "پێویستە ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران بزاندرێت و لەسەر ئەو بنەمایە زەوی دیاری بكرێت."

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە نەخشەی كەرتیی زەوییەكان، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، "هەر لە ئێستاوە دەبێت ڕەچاوی ماستەرپلانەكان بكرێت و لە نەخشەی كەرتی ئەو زەوییانەی دابەش دەكرێن، دەبێت پانی شەقامەكان و ناوچەی سەوزایی و خزمەتگوزارییە گشتییەكان و لایەنی شارسازی بایەخی تەواویان پێ بدرێت."

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد لە سنوری هەر ماستەرپلانێكدا ئەگەر زەوی بەردەست نەبو دەبێت سنوری شارەوانییەكان فراوان بكرێن و زەوی بۆ فەرمانبەران دابین بكرێت.

پاشان ئامادەبوانی كۆبونەوەكە سەرنجی خۆیان سەبارەت بە شێوازی ئامادەكارییەكە و گرفتەكانیان خستەڕو و دواتر وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر دروستكردنی لیژنەی تایبەت لە سنوری شارەوانییەكان كردەوە بۆ ئەوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بە خێرایی و بە باشترین شێوە بەڕێوەبچێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×