قوباد تاڵەبانی: پێویستە هەڵبژاردن لەو وادەیەدا بەڕێوەبچێت كە دیاریكراوە
  2024-04-02       223       

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ كونسوڵی فەرەنسا جەختی كردەوە كە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەیەدا بەڕێوەبچێت كە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە دیاری كراوەو نابێت لەوە زیاتر دوابكەوێت.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ سێشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا کۆبوەوە و لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتوی پەرلەمانی کوردستان و چۆنییەتی گەشەپیدانی ئابوری هەرێم و چەند پرسێکی دیکە گفتوگۆیان کرد.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە کۆبونەوەکەدا، سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن، جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەو وادەیەی کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە دیاری کراوە و رایگەیاند نابێت لەوە زیاتر هەڵبژاردن دوا بکەوێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا قسە لەسەر دۆخی ئابوری و چۆنییەتی گەشەپێدانی ئابوری هەرێم کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە "ستراتیژی بەهێزکردنی کەرتی تایبەت کرد" و رایگەیاند "هەمو ڕێوشوێنێکی پێویست دەگرینەبەر بۆ کارئاسانیکردن بۆ وەبەر‌هێنەران لە کەرتی تایبەت بە تایبەتیش وەبەرهێنان لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاریدا."

هەر لەوبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە کار بۆ ئەوە دەکەن هانی وەبەرهێنەران بدرێت کە لە قەزا و ناحییەکانیش وەبەرهێنان بکەن. وتیشی: "بەبێ گەشەپێدانی هاوسەنگ لە شار و ناوچە جیاوازەکاندا، ناتوانرێت ژێرخانێکی ئابوری بەهێز بونیاد بنرێت و گەشەپێدانی راستەقینەش رونادات."

هەر لە کۆبونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی داوای بەردەوامی هاوكارییەكانی فەرەنسای بۆ هەرێمی كوردستان كردوە "بە تایبەت لە بواری گەشەپێدانی ئابوریدا حکومەتی فەڕەنسا لەڕوی دابینکردنی راوێژکارەوە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×