مەسرور بارزانی: لەگەڵ پلاسخارت هاوڕابوین لەسەر نەهێشتنی گرفتەكانی بەردەم هەڵبژاردن
  2024-04-02       735       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەگەڵ جێنین پلاسخارت، نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتوه‌كان له‌ عێراق کۆبوەوە. ئەو دەڵێت، هەردولا هاوڕابوین لەسەر نەهێشتنی گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن و گەیشتنی لایەنەکان بە چارەسەر.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، لە راگەیەندراوێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك رایگەیاند، ئەمڕۆ پێشوازیكردوە لە جێنين پلاسخارت، نوێنه‌رى تایبه‌تیی سكرتێرى گشتيى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق.

مەسرور بارزانی هێمای بۆ ئەوە كردوە "بابەتی سەرەکی کۆبونەوەکەمان، گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بو" و وتوشیەتی"وێڕای دوپاتکردنەوەی پشتیوانیی خۆمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، ئاماژەمان بەوەدا کە پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دور لە پێشێلکاری دەستوری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت."

سەرۆكی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی، لە كۆبونەوەكەدا "جەختمان لە گرنگیی ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە چاودێریکردنی پرۆسەی هەڵبژاردن کردەوە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوەبچێت."

مەسرور بارزانی وتوشیەتی"هاوڕابوین لەسەر نەهێشتنی کێشەو گرفتەکانی بەردەم هەڵبژاردن و گەیشتنی لایەنەکان بە چارەسەر لەپێناو پاراستنی پرۆسەی دیموکراسی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×