رونكردنەوەی ئاسایش لەبارەی ئەو تەرمەی لە سلێمانی دۆزرایەوە: روداوەكە خۆكوژی بوە
  2024-04-03       354       

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، تەرمی هاوڵاتییەك لە عەشیرەتی هەركی لەنێو شوقەكەی خۆی لەگوندی ئەڵمانی سێ لە شاری سلێمانی دۆزرایەوە كە گوللـەیەك بەر سەری كەوتبو. دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، روداوەكە خۆكوژی بوە.

ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێم، كەمێك لەمەوبەر لە رونكردنەوەیەكدا وتی"ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەک بەناوی (ع. ف. ح.) تەمەن 44 ساڵ لە گوندی ئەڵمانی لە شاری سلێمانی دۆزرایەوە."

ئاسایش وتوشیەتی"دوای لێکۆڵینەوەو بەدواداچون بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش و پاڵپشت بەڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری و بەشی بەڵگەو تاوان، دەرکەوت کە ڕوداوەکە خۆکوژییە."

بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو كەسەی تەرمەكەی دۆزراوەتەوە ناوی عەلی فەتحوڵا هەركی بوەو خاوەنی هاوسەرو منداڵ بوە، بەوتەی خزمێكی نزیكی ناوبراو پێشتر لەهەولێر نیشتەجێ بوە بەڵام بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە زیاتر لە مانگێكە هاتۆتە سلێمانی و ئەمڕۆ كاتێكدا وەڵامی تەلەفۆنەكانی نەداونەتەوەو دەرگای شوقەكەیشی داخراوە، بۆیە هێزە ئەمنییەكانیان ئاگادار كردۆتەوە دوای شكاندنی دەرگای شوقەكەی سەیرییان كردوە كە گوللـەیەك بەر سەری كەوتوەو گیانی لەدەستداوە. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×