وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموكرات: پێشمەرگەیەكمان لە شەڕەكەی ئەمشەو "شەهید" بوە
  2024-04-04       576       

وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت: لە شەڕەکەی ئەمشەودا پێشمەرگەیەکیان "شەهید"بوە و یەکێکی دیکەش بریندارە.

ئاوێنە: فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە روداوی راگەیاند، سەعات 8:00ی ئەمشەو پێنجشەممە، هێزێکی سەر بە عەبدوڵڵا حاجی مەحمود، چونەتە ئەو خانوەی کە کێشەی موڵکداری لەسەرە، لەکاتێکدا ئاسایش لەو شوێنەبوە و وتویانە کەس ناچێتەوە خانوەکە تاوەکو کێشەکە یەکلایی دەبێتەوە.

 فەرهاد تۆفیق وتی: "هێزەکەی سەر بە عەبدوڵای حاجی مەحمود، لەناکاو هێرشیانکردوەتە سەریان و ئەوانیش وەڵامیان داونەتەوە و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەک شەهید و یەکێکی دیکەش بریندار بوە."

بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو كەسەی كوژراوە ناوی دابان عوسمان و لە دایكبوی 1997و پاسەوانی تایبەتی كچێكی محەمەدی حاجی مەحمود بوەو دوای ئەوەی تەرمەكەی گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی سەیدسادق، لەوێوە ڕەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە.

 وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، هێزە ئەمنیەکان گەیشتونەتە شوێنی روداوەکە و هەوڵدەدەن کۆنترۆڵی بکەن.

بەپێی زانیارییەكان لە شەڕەكەدا چەند بریندارێكی دیكە هەن، پێشتر عەبدوڵای حاجی مەحمود لە لێدوانێكدا وتی، هێزەكەی محەمەد حاجی مەحمود هێرشیان كردۆتە سەر ماڵەكەی و لە ئەنجامدا كوڕەكەی و پێشمەرگەیەكی برینداربون.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×