دەربارەی جۆرە چۆكلێت و نقوڵێك؛ قائیمقامیەتی سلێمانی هۆشداریی دەدات
  2024-04-05       245       

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی لەبارەی دەستبەسەردا گرتنی جۆرێك لە نقوڵ و نەكڕینیان هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات.

 ئازاد نەبی، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە:" بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و زیادبونی خواست لەسە كڕینی نوقڵ و شیرینی، كە لەلایەن دەستگێڕ و ماركێت و دوكاندارەكانەوە بەشێوەی هەڵڕژاو بەهاوڵاتیان دەفرۆشرێت و بەشێكیان گومانی بەسەرچونی ماوەكەی لێدەكرێت، لە رووی تەندروستیەوە زیان بە مرۆڤ دەگەیەنێت، بۆیە واباشترە لەكاتی بازاڕكردندا و پێش كڕینی خواردەمەنی سەرنج لە ماوەی بەسەرچونی بدرێت".

ئاماژەی بەوەشكردووە:" لیژنە هاوبەشەكان دەستیان بەسەر بڕیكی زۆر چوكلێتدا گرتوە كە ماوەكەیان بەسەر چووە و خاوەنەكانیان بەنیازبوون بە شێوەی هەڵڕژاو بەسەر هاوڵاتیاندا ساغیبكەنەوە".

ئەوەشیخستەڕوو:" بەشێك لە توشبوون بە نەخۆشییە مەترسیدارەكان، خۆراكە ماوەبەسەرچوەكانە، بۆیە لەكاتی بازاڕكرندا بەوردی سەرنج لە بەرواری دروستكردنی خۆراكە ماددەكان بدەن".

باسی لەوەشكردووە:" یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی خراپبون و زیان گەیاندن بە خواردن و خواردنەوەكان، پلەی گەرمی بەرز و تیشكی خۆرە، بەهەمان شێوە ئەوەش یەكێكی دیكە لەو زیانانەی كە رووبەڕووی تەندروستی مرۆڤ دەبێتەوە، بۆیە نابێت هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەك لە پلەی گەرمی بەرز و بەر تیشكی خۆر دابنرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×