نێچیرڤان بارزانی: ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر موچه‌ كاریگه‌ری ئه‌رێنی‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌ولێر ـ به‌غدا دروستده‌كات
  2024-04-07       293       
لێدواتی‌ نێچیرڤان بارزانی‌، ئه‌رشیف

نێچیرڤان بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌ڵێت، "‌لێكگه‌یشتنی‌ هه‌ولێر ـ به‌غداو رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسی‌ موچه‌، كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌رێنی‌ به‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌ردولاوه‌ ده‌بێت." به‌پێویستیشی‌ ده‌زانێت كه‌ هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم ده‌ستپێبكاته‌وه‌، به‌وته‌ی‌ ئه‌و "چونكه‌ زیانی‌ حه‌وت ملیار دۆلاری‌ له‌هه‌رێم‌و به‌غدا داوه‌".

ئاوێنه‌: له‌درێژه‌ی‌ دیدرو كۆبونه‌وه‌كانی‌ له‌شاری‌ به‌غدا، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی‌ له‌گه‌ڵ له‌تیف ڕه‌شید، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق كۆبوه‌وه‌.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، "لێكگه‌یشتنی‌ هه‌ولێر ـ به‌غداو ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسی‌ موچه‌، كاردانه‌وه‌ی‌ ئه‌رێنی‌ به‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچونی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ هه‌ردولاوه‌ ده‌بێت".

هه‌ر ئەمڕۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، باسی لەناوەڕۆكی كۆبونەوەو دیدارەكانی لەبەغدا كردو وتی‌، "وەك ئاگادارن پرسی موچە كە پرسێكی بنەڕەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستانەو ئەو ڕێككەوتنەی كە لەنێوان به‌ڕێزان سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و سودانی كراوە، ئەمە دەستپێكێكی زۆر باشەو هیوادارین بەردەوام بێت."

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو، بێگومان پێدانی‌ موچه‌ له‌كاتی‌ خۆیدا ئەمە مافێكی سروشتیی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانە. "دەمەوێ سوپاسی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەم بۆ خۆڕاگرییان كە تا ئێستا بەرگەیان گرتووە و بەغدا دەبێت موچەی هەرێمی كوردستان دابین بكات بەپێی ئەوەی كە موچەخۆرانی هەرێمی كوردستانیش بەشێكن لەموچه‌خۆرانی عێراق."

وتیشی‌، "باسمان لەپرسی نەوتیش كردو بێگومان وەك هەرێمی كوردستان پێمانوایە كە دەبێت دەست بەهەناردەكردنەوەی نەوت بكەینەوە، چونكە ئەم پرسە زیانی گەورەی بە عێراق و هەرێمی كوردستانیش گەیاندووە و تا ئێستا زیاتر لە حەوت ملیار دۆلار زیان بەبودجەی عێراق كەوتووە. بێگومان ئەم مەسەلەیە باس كراوە، بەڵام ئەوە تیمی زیاتری حكوومەتی هەرێمی كوردستانی دەوێ كە بێن بۆ بەغدا و زیاتر لەسەر ئەم بابەتە قسە بكەین، هیوادارین بگەینە ئەنجام”.

نێچیرڤان بارزانی‌ ڕونیكرده‌وه‌، “لەچوارچێوەی سەردانماندا بۆ بەغدا كۆمەڵێك كۆبوونەوەمان لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی و سەرۆك وەزیران و هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو، كۆبوونەوەكەمان بە شێوەیەكی گشتی لە چوارچێوەی ئایندەی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا بووە و لەم كۆبوونەوانەدا هەوڵم دا میكانزمێك دابنێین بۆ ئەوەی بەردەوام بین و هەر سەردان نەبن كە بێین و بگەڕێینەوە، میكانزمێك دابنێین بۆ ئەوەی ئێمە بەردەوام ئەو جۆرە كۆبوونەوانەمان هەبێت لەلایەن هەرێمی كوردستان و بەغداوە بۆ ئەوەی ئەو كێشانەی ئێستا هەیە هەموویان لە مەجلسێكدا بە میكانزمێك بتوانین لە شوێنێکدا باسیان بكەین و ڕێگەچارەیان بۆ بدۆزینەوە."


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×