پارتی‌: هەندێ لایەنی ناوخۆیی‌و دەرەکی پێشوه‌خته‌ کورسییەکانی پارتییان دیاریكردووه‌
  2024-04-07       1082       


وه‌فدی‌ باڵی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌وان ئامادەی به‌شدارییكردنن له‌هەڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، "بەمەرجێک  دور بێت لەدیزاینی پێش وەختە". به‌پێویستیشی‌ ده‌زانێت كه‌ "پرۆسەکە دور بێت لەو ئامادەکارییە پێشوەختەی هەندێ لایەنی ناوخۆیی‌و دەرەکی بۆ دزینی کورسییەکانی پارتی‌و ئیرادەی دەنگدەران بەرنامە رێژییان بۆ کردوە".

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، کۆبونەوەی وه‌فدی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان‌و نەتەوەیەکگرتووەکان له‌باره‌ی‌ بەرێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان به‌ڕێوه‌چو.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، "وەک شاندی پارتی بۆمان رونکردنەوە کە یۆنامی شاهێدی ئەوەیە دوو ساڵ بوو پارتی داوای هەڵبژاردنی دەکردو پابەندبو بەئەنجامدانی و چوار جار سەرۆکی هەریم مەرسومی دەرکرد و  هەندی لایەنی دیکە چۆن رێگربون و چۆن نەیاندەهێشت دانیشتنەکانی پەرلەمان بۆ گفتوگۆکردنی رەشنوسی هەمواری یاسای هەلبژاردن بێت و چۆن هەر لە سەرەتاوە دژی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بوون."

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، "بۆمان رونکردنەوە کە ئێستاش پارتی ئامادەی هەڵبژاردنە بەمەرجێک  دور بێت لە دیزاینی پێش وەختەو دەبێت یۆنامی لەسەر خەت بێت بۆ  چارەسەری کیشە تەکنیکیەکان و زامنکردنی پاکی و بێگەردی کۆی پرۆسەکەو بەدور بێت لەو ئامادەکارییە پێشوەختەی هەندێ لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ دزینی کورسییەکانی پارتی و ئیرادەی دەنگدەران بەرنامە رێژییان بۆ کردوە."

وه‌فدی‌ پارتی‌ پارتی‌ له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا پێكهاتبو له‌: هێمن هەورامی‌و جەعفەر ئیمینکی‌و ئامینه‌ زكری‌‌و كادرانی‌ تایبەتمەند لەبەشی هەڵبژاردنی مەکتەبی سیاسی پارتی‌.

وه‌فدی‌ یۆنامی بەسەرۆکایەتی کۆلدیا کۆردۆن جێگری جەنین پلاسخارت بۆ کاروباری سیاسی‌و هەڵبژاردنەکان‌و ئەندامێتی پسپۆرانی یۆنامی بۆ کاروباری هەڵبژاردن.

ئەم کۆبونەوەیە لەسەر پێشنیازی جەنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بو لەدوایین سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×