وەزارەتی شارەوانی: بڕیاری لێخۆشبون لە قەرزە كەڵەكەبوەكانی سەر هاوڵاتیان كەوتە بواری جێبەجێكردن
  2024-04-08       348       

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، لە ئەمڕۆ دوشەممەوە، بڕیاری لێخۆشبون بەڕێژەی لەسەدا 20 لە قەرزە كەڵەكەبوەكانی سەر هاوڵاتیان كەوتە بواری جێبەجێكردن.

ئاوێنە: وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، وەزارەتەكەیان لە نوسراوێكدا كە واژوی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەسەرەوەیە و ئاراستەی دەستەی گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنەوار و كەلەپور، سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و نەخشەدانانی ئاوەدانی لە سەرجەم پارێزگە و ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان كراوە، تێیدا داوا دەكات لەئەمڕۆوە دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەی بڕیاری لێخۆشبون بە ڕێژەی 20% لە قەرزە كەڵەكەبوەكانی سەر هاوڵاتییان و كرێكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بكرێت.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە خاڵی یەكەمی نوسراوەكەدا هاتوە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبون لە قەرزە كەڵەكەبوەكانی سەر هاوڵاتییان دەكرێت، وەكو كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار،  ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ.

لە خاڵی دوەمدا هاتوە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبون دەكرێت لە كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ، تاوەكو ئاساییبونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی لە هەرێمی كوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×