بزوتنەوەی ئیسلامی: بەهۆی نەبونی تەوافوقی سیاسی لیستی كاندیدەكانمان پێشكەشی كۆمسیۆن نەكرد
  2024-04-08       263       

بزوتنەوەی ئیسلامی رایگەیاند، بەهۆی نەبونی تەوافوقی سیاسی لەنێوان سەرجەم لایەنەكانی كوردستاندا، ئەوان لیستی كاندیدەكانی خۆیان پێشكەش بە كومسیۆنی هەڵبژاردنەكان نەكردوە. هۆشداریش دەدات كە "بەم بارودۆخەی ئێستاوە ئاڵۆزییەكان زیاتر دەبن" و دەشڵێت، "ئێمە لە بزوتنەوەی ئیسلامی نابینە بەشێک لەو ئاڵۆزیانە."

ئاوێنە: دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەوان پێشتریش جەختیان کردوەتەوە کە هەڵبژاردن زەرورەتێکی حەتمیەو دەبێت بکرێت بەشێوەیەک سەرجەم لایەناک بسازێن و کۆتایی بەو ئاڵۆزییە سیاسیانە بهێنرێت كە هەن.

وتوشیەتی"ئێمە ڕێکەوتی 31/ 3/ 2024 تاکو کاژمێر 12ی شەو لەبەردەم کۆمسیۆن ئامادە بوین بەلیستی کاندیدەکانەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو تەوافقە سیاسییە نەکرا لە کوردستان لای خۆمانەوە ڕامان گرتوە."

دەزگای هەڵبژاردنەكانی بزوتنەوەی ئیسلامی ئاماژەی بەوەشداوە "چاوەرێی قۆناغێکی نوێین کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و تەوافوقی سیاسی تێدا بکرێت و سەرجەم لایەنەکان بسازێن پاڵپشت بە جەماوەری کوردستان ئەگەرنا بەم بارودۆخەی ئێستا ئاڵۆزییەکان زیاترو زیاتر دەبن و زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی بەشەرەفی کوردستانە."

جەختیشی كردۆتەوە "ئێمە لە بزوتنەوەی ئیسلامی نابینە بەشێک لەو ئاڵۆزیانە."

دەقی راگەیەندراوەكە:

ئاگادارییەک بۆ رای گشتی

جەماوەری بەشەرەفی کوردستان

ئێمە وەک دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی هەمو ئامادەکارییەکانمان کردوە بۆ هەڵبژاردنەکان لەسەر ئاستی بازنەکان. بەڵام بۆ خۆشتان دەزانن دو ساڵە بزوتنەوەی ئیسلامی تەکیدی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردوەتەوە لەو نێوەندەشدا چەندینجار جەنابی ڕابەری گشتی و مەکتەبی سیاسیمان لەچەندین لێدواندا جەختیان کردوەتەوە کە هەڵبژاردن زەرورەتێکی حەتمییەو دەبێت بکرێت بەشێوەیەک سەرجەم لایەناک بسازێن و لەبەیاننامە فەرمییەکانی حیزبدا بڵاومانکردوەتەوە کە پێداگیریمان کردوەوە دەبێت هەڵبژاردن بکرێت و کۆتایی بەو ئاڵۆزییە سیاسیانە بهێنرێت و پەرلەمانی کوردستان ببێتە سەکۆی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان وەکو سەکۆکەی جاران کە لایەنە ناکۆکەکانیشی تیا کۆکرابویەوە، بەڵام بەداخەوە ئێمە ڕێکەوتی 31/ 3/ 2024 تاکو کاژمێر 12ی شەو لەبەردەم کۆمسیۆن ئامادەبوین بەلیستی کاندیدەکانەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەو تەوافوقە سیاسییە نەکرا لە کوردستان لای خۆمانەوە ڕامان گرتوەو چاوەڕێی قۆناغێکی نوێین کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و تەوافوقی سیاسی تێدا بکرێت و سەرجەم لایەنەکان بسازێن پاڵپشت بە جەماوەری کوردستان، ئەگەرنا بەم بارودۆخەی ئێستا ئاڵۆزییەکان زیاترو زیاتر دەبن و زەرەرمەندی یەکەم خەڵکی بەشەرەفی کوردستانە.

بۆیە ئێمە لە بزوتنەوەی ئیسلامی نابینە بەشێک لەو ئاڵۆزیانە.

دەزگای هەڵبژاردنەکانی بزوتنەوەی ئیسلامی

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×