مەسرور بارزانی: هیوادارم ئەو رێككەوتنەی لەبارەی موچەوە لەگەڵ بەغدا دروست بوە بەردەوام بێت
  2024-04-09       285       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی رەمەزانەوە رایگەیاند، هیوادارم ئەو رێككەوتنەی لەبارەی موچەوە لەگەڵ بەغدا دروست بوە بەردەوام بێت و موچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بەشێوەیەکی ئاسایی، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە موچەکانیان وەربگرن.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە پەیامەكەیدا وتویەتی"هیوادارم ئەو ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لەبارەی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بوە، بەردەوام بێت و لەمەودوا، بابەتی موچە کە مافێکی ڕەواو دەستوریی خەڵکە، تێکەڵی هیچ کێشەو ناکۆکی و ململانێیەکی سیاسی نەکرێت و فەرمانبەر و موچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بەشێوەیەکی ئاسایی، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە موچەکانیان وەربگرن."

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئومێدیشی خواستوە "ئەم پێشکەوتن و هەنگاوانە، ببنە دەستپێکێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەش و هەمو ئەو گرفتانەی ماون بە لەیەکتێگەیشتن و پابەندبون بە دەستوەرەوە، چارەسەر ببن."

دەقی پەیامەكەی مەسرور بارزانی:

بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم، بەتایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم.

هیوادارم جەژن ببێتە مایەی خۆشی و شادی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆتاییهاتنی هەمو شەڕ و ناخۆشی و  نەهامەتییەک لە جیهان.

سوپاسی خۆڕاگری و پشودرێژی خەڵکی نیشتمانپەروەری هەرێمی کوردستان دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بون لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە ئابورییەی ڕوبەڕومان بوەوە.

هیوادارم ئەو ڕێککەوتن و لەیەکتێگەیشتنەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ لەبارەی موچەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بوە، بەردەوام بێت و لەمەودوا، بابەتی موچە کە مافێکی ڕەواو دەستوریی خەڵکە، تێکەڵی هیچ کێشەو ناکۆکی و ململانێیەکی سیاسی نەکرێت و فەرمانبەر و موچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بەشێوەیەکی ئاسایی، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە موچەکانیان وەربگرن.

هەروەها ئومێد دەکەین ئەم پێشکەوتن و هەنگاوانە، ببنە دەستپێکێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەش و هەمو ئەو گرفتانەی ماون بە لەیەکتێگەیشتن و پابەندبون بە دەستوەرەوە، چارەسەر ببن.

جەژنتان پیرۆز و خوای مەزن كوردستان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

____

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×