رۆژنامەی شەرقولئەوسەت: لەوەڵامدانەوەیدا بۆ ئیسرائیل، ئێران هەولێر ناكاتە ئامانج
  2024-04-10       716       
شوێنەواری هێرشێكی موشەكی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر هەولێر

سەرچاوەیەكی بەرپرس لەنێو لایەنە شیعەكان رایگەیاند، ئەو گروپە چەكدارانەی شیعە كە لەژێر چەتری "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" كۆبونەتەوە، بڕیاریانداوە لەنێو خاكی عێراق نەبنە بەشێك لە وەڵامی ئێران بۆ هێرشەكەی هەفتەی رابردوی ئیسرائیل و هەروەها بڕیاریشدراوە كە هەولێر لە لیستی ئەو شوێنانە دەربهێنرێت كە پێشنیاركراون ببنە ئامانجی وەڵامەكەی ئێران بۆ ئیسرائیل.

ئاوێنە: سەرچاوەیەكی بەرپرس لەنێو لایەنە شیعەكانی عێراق بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت-ی وتوە، لەدوی هێرشەكەی هەفتەی رابردوی ئیسرائیل بۆ سەر كونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، گفتوگۆ و پەیوەندیی چڕ لەنێو بەرپرسانی ئێران و سەركردەكانی گروپە چەكدارە شیعەكانی عێراقدا هەبوەو گەیشتونەتە ئەو بڕیارەی كە بەردەوامی بدرێت بە هێوركردنەوەی دۆخی عێراق و هێرش نەكرێتە سەر بنكە ئەمریكییەكان.

هەروەها سەرچاوەیەكی دیكەی بەرپرس لەنێو لایەنە شیعەكان بە رۆژنامەكەی وتوە، سەركردەكانی گروپە چەكدارەكانی عێراق و بەرسانی باڵای لایەنە سیاسییەكان گەیشتونەتە ئەو بڕیارەی كە هەولێر لەنێو لیستی ئەو ئامانجانەدا دەربهێنرێت كە پێشنیاركراون بۆ وەڵامدانەوەی ئێران بۆ هێرشەكەی ئیسرائیل.

وتوشیەتی، بۆچونی سەركردەكانی گروپە چەكدارەكان و ئێرانییەكان ئەوە بوە كە هەولێر نەكرێتە ئامانج، چونكە ئەوە دەبێتە مایەی كشانەوەی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق.

هەردو سەرچاوەكە پێشبینییان كردوە وەڵامەكانی ئێران بۆ ئیسرائیل لە دەرەوەی عێراق بن و یەكێكیان وتویەتی، جۆلان ئەگەری زۆرە ئامانجەكە بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×