پۆلیسی سلێمانی زانیاری لەبارەی كوژرانی گەنجێك بەدەستی براكەی دەخاتەڕو
  2024-04-10       470       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەو لە یەكەم رۆژی جەژندا گەنجێك بەدەستی براكەی لە سەیدسادق كوژرا، پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بكوژی گەنجەكە خۆی رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرد.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوای ئەوەی لەلایەن نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتەوە هێزەکانی پۆلیس ئاگادارکرانەوە کە کەسێک بەفیشەک بریندار کراوەو گەیەندراوەتەوە نەخۆشخانەکەیان، دەستبەجێ هێزەکانی بەشی پۆلیسی سەیدسادق گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکەو لێکۆڵینە بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستیپێکرد.

ئەوەشی خستۆتەڕو، دواتر بریندارەکە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لەنەخۆشخانە گیانی لەدەستداو دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ بکوژەکە دەرکرد.

پۆلیس وتوشیەتی، سەرەنجام بکوژ خۆی ڕادەستی هێزەکانی پۆلیس کردو لەلایەن مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی سەیدسادقەوە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوەو بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 406 ڕاگیراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەلێکۆڵینەوەکاندا تۆمەتبار (ب، ع) هۆکاری تاوانەکەی گەڕاندۆتەوە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی.

بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو كەسەی كوژراوە ناوی "وریا عەبدوڵا"و خەڵكی سەیدسادق بوەو لەلایەن براكەیەوە كوژراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×