لە ئەڵمانیا ژن و مێردێكی عێراقی لەسەر بە کۆیلەکردنی دو کچە منداڵی ئێزدی دەستگیرکران
  2024-04-10       468       

پۆلیسی ئەڵمانیا ژن و مێردێكی عێراقی لە هەرێمی باڤاریا، بەتۆمەتی ئەندامبون لە رێكخراوی داعش و بە كۆیلەكردنی دو كچە منداڵی ئێزیدی لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ 2017 لە سوریاو عێراق، دەستگیركرد.

ئاوێنە: دادواكاریی گشتیی ئەڵمانیا، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە ئەو ژن و مێردە عێراقییە ناویان "توانا" و "ئاسیا"یەو دوێنێ سێشەممە لە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراون.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ژن و مێردەكە دو كچی ئێزیدییان لەسەرەتای ساڵی 2015ەوە تا كۆتاییەكانی 2017 بە كۆیلە كردون كە كچێكییان تەمەنی پێنج ساڵان و ئەویدیكەیان تەمەنی 12 ساڵان بوەو تاوانەكەشیان لە عێراق و سوریا ئەنجامداوە.

داواكاری گشتیی ئەڵمانیا هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ئەو دو كچە منداڵە ئێزیدییە روبەڕوی ئەشكەنجە، دەستدرێژیی سێكسی و رێگری لە ئەنجامدانی سروتە ئایینییەكانی خۆیان بونەتەوەو هەروەها ناچاركراون بەوەی بەردەوام كاری پاككردنەوەی ماڵ و سەرپەرشتی منداڵانی دیكە بكەن و ئەوەشیان بەسەردا سەپێندراوە كە سروتەكانی ئایینی ئیسلام جێبەجێ بكەن.

هێمای ئەوەش كردوە، ژن و مێردە عێراقییەكە، بەرلەوە لە مانگی تشرینی دوەمی 2017دا سوریا جێبهێڵن، دو كچە ئێزیدییەكەیان رادەستی چەكدارانی دیكەی داعش كردوە.

دەستگیركردنی ئەو ژن و مێردە عێراقییە لەكاتێكدایە كە ساڵی رابردو پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاریدا تاوانەكانی داعش دژبە ئێزیدییەكان لە عێراق، وەك جینۆساید بناسێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×