ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە رادەگەیەنێت
  2024-04-11       257       

دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوشاری سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی توانیان باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیربکەن كە لە چوار كەس پێكهاتون.

ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، سەرجەم ئەندامانی ئەو باندە لەچەند هەڵمەتێکدا دەستگیركراون کە لەمانگی ڕەمەزاندا دۆلاری ئەمریکی ساختەیان بە دوکاندار و فرۆشیاران داوە، لە پێناو ساغکردنەوەی پارە تەزویرەکەیان و دیناری عێراقیان وەرگرتۆتەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دەست بەسەر تەواوی پارە تەزویرەكەشدا گیراوە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایش، تۆمەتباران تەمەنیان لە نێوان 24 بۆ 30 ساڵاندایەو دانیشتوی شاری سلێمانی و قەزای چەمچەماڵن و لەئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە ماددەی 281 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.

دەزگای ئاسایشی هەرێم داوای لە سەرجەم هاوڵاتیان كردوە لەکاتی بونی هەر حاڵەتێکی دراوی ساختەدا، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ئاسایش ژمارە 106.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×