هاوسەرۆكی دەم پارتی: ئەوانەی دژایەتی كوردییان كرد لە هەڵبژاردندا دۆڕان
  2024-04-11       383       

تونجەر باقرخان، هاوسەرۆكی گشتی دەم پارتی لەمیانی بەسەركردنەوەی شارەوانی شاری سێرت-ی باكوری كوردستاندا بەبۆنەی جەژنی رەمەزانەوە، رایگەیاند، ئەوانەی دژایەتی كوردییان كرد لەم هەڵبژاردنەدا دۆڕان.

ئاوێنە: تونجەر باقرخان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە چوارچێوەی بەرنامەی پیرۆزبایی جەژندا سەردانی سێرت-ی كردو لەلایەن هاوسەرۆکانی شارەوانی سێرت سافیا ئالاگاش و محەمەد کایسی پێشوازی لێکرا.

هاوسەرۆكی گشتیی دەم پارتی لەناو بینای شارەوانی سێرت وتارێكی پێشكەشی هاوڵاتیان كردو وێڕای پیرۆزبایی جەژن رایگەیاند"ئێرە ماڵی ئێوەیە، ئێوە گەلێکی ئازاد و شکۆمەندن، سەرباری گوشار و ستەمیش هەڵوێستێکی شکۆمەندانەتان نیشاندا و جارێکی دیکە شارەوانی سێرتتان بەدەست هێنایەوە، ئەو سەرکەوتنە لە یەک بە یەکتان پیرۆز بێت."

باقرخان وتیشی: “ئەوانەی ماڵی ئێوەیان زەوت کرد، ئەوانەی دو خول شارەوانیان تاڵان کرد، ئەوانەی دزییان کرد، ئەوانەی زمان و کولتوری ئێمەیان پەراوێز خست، بینیان؛ گوشارەکانیان هیچی لێ سەوز نابێت و بێ ئەنجامە."

وتیشی"هاوڕێیانمان وەک سامانی خۆیان پارێزگاری لە سامانی ئێوە دەکەن، شارەوانی ئێمە جیاکاری ناکات، دادپەروەرانە مامەڵە دەکەن، چونکە ئێمە نەوەی شێخ سەعید و سەید ڕەزاین، ئێمە ستەم ناکەین."

جەختی لەوەش کردەوە، "بەهۆی جیاوازی زمان و ئایینەوە جیاوازی لەنێوان مرۆڤەکاندا ناکەین، خزمەتێکی یەکسان و دادپەروەرانە دەکەین، لە سەرجەم ئەو شارانەی کوردی تێدایە لە ئەنجومەنی شارەکاندا بوینە پارتی یەکەم، ئەوانەی شارەوانی گەلیان بە کۆنکرێت لە گەل دابڕاند، ئەوانەی دژایەتی کوردیان کرد لەم هەڵبژاردنەدا دۆڕان و شکستیان هێنا. ئێوە، ئەوانەی ئاشتیی، دادپەروەریی و ئازادییان دەوێت سەرکەوتن."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×