ئانۆ جەوهەر: هەڵەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار لەبارەی لویس ساکۆوە راستبکرێتەوە
  2024-04-12       218       

ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی حامورابی هەنگاوەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ بانگهێشتکردنی لویس ساكۆ، پەتریارکی کلدانەکان بە "ئەرێنی" ناودەبات و پێیوایە دەبێت "هەڵە"کەی سەرۆکایەتیی کۆمار لەبارەی لویس ساکۆ راستبکرێتەوە.

 ئاوێنە: ئانۆ جەوهەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی حەموڕابی لەبارەی دیدارەکەی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی و کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق لە وتارێكدا وتویەتی "دەستخۆشی لەو هەنگاوە ئەرێنییەی محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین، بە بانگهێشتکردن و پێشوازیی لە پاتریارک کاردیناڵ دکتۆر لویس ساکۆ، سەرۆکی کەنیسەی کلدانەکانی جیهان."

 ئانۆ جەوهەر، کە وەزیری گواستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشە، لە وتارەكەیدا وێڕای دەربڕینی خۆشی خۆیان بەو هەنگاوەی سەرۆك وەزیران كە هەنگاوی یەكەم ناوی بردوە، وتوشیەتی، چاوەڕوانین سەرۆك وەزیران هەنگاوی نوێ و پێویست بۆ ئەم هەنگاوەی بگرێتەبەر كە لە بەرژەوەندی یەكێك لە دێرینترین پێكهاتەكانی وڵاتی دوڕوباردا بێت و لەوڕوەشەوە چەند هەنگاوێكی خستونەتەڕو كە پێویستی زانیوە سەرۆك وەزیرانی عێراق بیانگرێتەبەر.

یەكێك لە هەنگاوە پێویستەكان بە بڕوای ئانۆ جەوهەر بریتییە لە "راستکردنەوەی ئەو هەڵەیەی سەرۆکایەتیی کۆمار لە رێگەی کشاندنەوەی مەرسومی کۆماری تێیکەوت، کە رەفتارێکی هەڵە و بێ پاساو بو، هەروەها گەڕاندنەوەی مەرسومەکە بۆ پاتریاریک و سەرجەم مەترانە بەڕێزەکان."

 هەروەها پێشی وایە هەنگاوێكی دیكە بریتییە لە "راستکردنەوەی ئەو هەڵە دەستورییەی دادگەی فیدراڵی تێیکەوت بە نەهێشتنی کورسیی کۆتای کریستیان و تورکمانەکان لە پەرلەمانی کوردستان و چاوخشاندنەوە بە بڕیاری دادگاکە لەوبارەیەوە و گەڕاندنەوەی کورسیی کۆتاکان."

 ئانۆ جەوهەر داواشی كردوە "سەرجەم میلیشیاکان لە دەشتی نەینەوا" بكشێنرێنەوەو دۆسیەی ئەمنیی ناوچەكە رادەستی هێزە ئەمنییە دانپێدانراوەكان لە دەستور وەکو سوپای عێراق و پێشمەرگە بكرێت.

 وەزیرە كریستیانەكەی حكومەتی هەرێم وتوشیەتی،  زۆرینەی زۆری کلدان و کریستیانەکان لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا فەرمانبەری حکومەتن، گرنگە بەردەوامی لە پێدانی شایستە و موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو مافێکی دەستوری و پابەندبونێکی نیشتمانی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەردەوام بێت.

 هەروەها داوای  پوچەڵکردنەوەی سەرجەم ئەو سکاڵایەنەشی كردوە كە لە دژی پاتریارک لەلایەن هەندێک کەسەوە کراون.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە شەوی چوارشەممە 10ی نیسانی 2024 کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارکی کلدانەکانی عێراق و جیهان دوای نزیكەی نۆ مانگ لە جێهێشتنی پایتەختی عێراق، لە هەولێرەوە گەڕایەوە بەغداو لەلایەن نوێنەری سەرۆك وەزیران و بەشێکی زۆر لە پیاوانی ئایینی و پەتریاریکییەی کلدانەوە پێشوازی لێکرا، رۆژی دواتر لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازی لێکرا، کە لویس ساکۆ بە سەرکردەى کلدانەکانى لە عێراق و جیهان ناوبردوە.

 جێهێشتنى بەغدا لەلایەن لویس ساکۆ وەک ناڕەزایەتییەک بو بەرامبەر بە مەرسومێکى کۆمارى، کە لە  3-7-2023 بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ـی راگەیاند و پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×