لە كلكەسماق تانكەرێك وەرگەڕاو شۆفێرەكەی گیانی لەدەستدا
  2024-04-12       176       

درەنگانی شەوی رابردو تانكەرێك كە بارەكەی نەفتا بو، لە رێگەی كۆیە بۆ دوكان و لە لۆفەكانی كلكەسماق وەرگەڕاو شۆفێرەكەی گیانی لەدەستدا، بەشێك لەو نەفتایەشی هەڵیگرتبو رژاوەتە نێو ئاوی دوكان. بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەڵێت، پشكنین بۆ ئاوەكە دەكەن.

ئاوێنە: بەڕێوەبەری بنكەی هاتوچۆی دوكان، بە میدیای رەسمی یەكێتی وتوە، درەنگانی شەوی رابردو كاتژمێر 1:30 خولەك، تانكەرێكی بارهەڵگر كە بارەكەی نەفتا بوەو لە كۆیەوە بەرەو دوكان هاتوە لە لۆفەكانی كلكە سماق لە نزیك دوكان وەرگەڕاوە.

وتوشیەتی، هۆكاری روداوەكە بۆ بێ ئاگایی شۆفێرەكە دەگەڕێتەوەو شۆفێرەكە لەكاتی شۆفێریدا خەوی لێكەوتوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئۆتۆمبێلەكە بەتەواوەتی تێكشكاوەو شۆفێرەكەی گیانی لەدەستداوە.

بەپێی زانیارییەكانی ئاوێنە، ئەو شۆفێرەی گیانی لەدەستداوە ناوی "جەعفەر بێستانەیی" و خەڵكی گوندی بێستانەی سنوری كۆیە بوە.

شوێنی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەكە نزیكەی كیلۆمەترێك لە قەزای دوكان دورە، بەڵام لەبەرئەوەی لێژاییە، ئەو نەفتایەی پێی بوە رژاوەتە سەر جادەكەو و تاوەكو ناو دوسایدی سەنتەری دوكان هاتوەو لەوێشەوە لەڕێگای مەنهۆڵەكانەوە ئەو نەفتایە رژاوەتە نێو ئاوی دوكان.

بەختیار سابیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی، بە میدیای رەسمی یەكێتی وتوە، ئەوان پشكنین دەكەن ئەگەر بزانن ئەو نەفتایە بۆتە هۆی پیسبونی تەواوەتی ئاوەكە، دابەشكردنی ئاو هەم لە دوكان هەم سلێمانی رادەگرن.

لەماوەی كەمتر لە مانگێكدا ئەوە سێیەم روداوی هاتوچۆی تانكەرە لە سنوری قەزای دوكان كە لە دو روداوەكەی پێشوتریشدا ئەو نەفتایەی پێیان بوە رژایە ناو ئاوی دوكان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×