پەرلەمانتارێك: دەبێت موچەی خانەنشینانی هەرێم هاوتای موچەی خانەنشینانی عێراق بكرێت
  2024-04-12       352       

دارا سێكانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، دەبێت موچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق هاوتا بکرێت كە کەمترین موچەی خانەنشینی لە عێراق 550 هەزار دینارە بەڵام لە هەرێم 200 هەزار دینارە.

ئاوێنە: دارا سێكانیانی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، بەپێی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە بەرواری 21/2/2024 و هەروەها بە بڕیارێکی تری دادگاكە کە تێیدا یاسای خانەنشینی هەموارکراوی ژمارە 27ی ساڵی 2006ی هەڵوەشاندۆتەوە کە لە هەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت، دەبێت موچەی خانەنشینانی هەرێم لەگەڵ عێراق هاوتا بكرێت و كار بە یاسای خانەنشینی یەكگرتوی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی عێراق بکرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، پێویستە لەسەر هەردو حکومەتی عێراقی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بن بەمەبەستی جێبەکردن و هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێم وەک سەرجەم خانەنشینی عێراق کە لە ئێستا کەمترین موچەی خانەنشینی لەعێراق 550 هەزار دینارە لە کاتێکدا کە لە هەرێمی کوردستان کەمترین موچەی خانەنشینی تەنیا 200 هەزار دینارە.

ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی، حکومەتی هەرێم لە ڕابردو ستەمی لە هەمو چین و توێژەکان کردوە بە خانەنشینانیشەوە ئەوانەی کە هەمو تەمەن و جوانی و لاویەتیان بۆ خزمەتکردنی وڵات بەخشی بەڵام بەداخەوە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم بێوەفابون بەرامبەریان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×