هۆڵەندا كونسوڵخانەكەی لەهەولێر و باڵیۆزخانەكەی لەتاران دادەخات
  2024-04-13       475       

وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كە بەهۆی پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، گەشت بۆ ئیسرائیل و هەرێمی كوردستان نەكەن و بڕیاریشدراوە بەشێوەیەكی كاتی كونسوڵخانەی وڵاتەكەی لە هەولێرو باڵیۆزخانەكەی لە تاران دابخات.

ئاوێنە: وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە راگەیەندراوێكدا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەی كردوە سەرجەم گەشتەكانیان بۆ ئیسرائیل و هەرێمی كوردستان رابگرن، ئەوەش بەخۆی پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل.

هەروەها وتوشیەتی، بەهەمان هۆكار وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بڕیاریدا بە داخستنی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە تاران و كونسوڵخانەی هۆڵەندا لە هەولێر بەشێوەیەكی كاتی.

بەپێی راگەیەندراوەكە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تاران و كونسوڵخانەكەی لە هەولێر سبەی یەكشەممە داخراو دەبن و هەر سبەینێش بڕیار لەوبارەیەوە دەدەن كە ئاخۆ بۆ دوشەممە باڵیۆزخانەكەیان لە تاران و كونسوڵخانەكەیان لە هەولێر دەكەنەوە یاخود نا.

پێشتر جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، ئێران بەمزوانە هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل و وتیشی، ئێمە پابەندین بە بەرگریكردن لە ئیسرائیل و یارمەتی ئەو وڵاتە دەدەین و ئێران سەركەوتو نابێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×