ئەپیکور: هیوادارین سه‌ردانه‌كه‌ی‌ سودانی بۆ ئه‌مه‌ریكا ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی‌ كوردستان
  2024-04-13       198       


کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان -ئەپیکور- هیواخوازه‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ سودانی بۆ ئه‌مه‌ریكا ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان. وته‌بێژی‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌ش ده‌ڵێت، سەرکردەکانی عێراق و ئەمەریکا  دەیانەوێت پێکەوە بگەنە ڕێککەوتنێک، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا دەستپێبکاتەوە.

ئاوێنه‌: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەغدای بەجێهێشت‌و بەسەردانێكی رەسمی بەرەو ئەمریكا بەڕێكەوت.

ماڵز کاگێنز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان له‌باره‌ی‌ كاریگه‌ریی سه‌ردانه‌كه‌ بۆ  دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، ڕایگەیاند، "هیواخوازین کۆبونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک بایدن، ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق- تورکیا."

وتیشی‌، "ئێمە هەست بەگەشبینییەکی زۆر دەکەین، لەبارەی ئەو ڕاگەیەندراوەی لەلایەن سەرکردەکانی عێراق و ئەمەریکا بڵاو دەکرێتەوە، کە دەیانەوێت پێکەوە بگەنە ڕێککەوتنێک، بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق تورکیا دەست پێبکاتەوە."

دەشڵێت، "ئێمە وەک ئەپیکور پەیوەندییەکی باشمان هەیە لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێس، لەڕێگەی چەند ئەندامێکی کۆنگرێسەوە هەوڵی ئەوەمان داوە کە ئەو ئەندامانەی کونگرێس چەند نامەیەک بنێرن بۆ کۆشکی سپی، بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە. هەروەها داوامانکردووە لەکۆنگرێس فشار لەحکومەتی عێراق بکەن تاکو هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپبکاتەوە."

وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ هاوڕێکانیان لە کۆنگرێس تێدەگەن لەوەی  چەندە گرنگە هاوبەشییەک هەبێت لەنێوان ئەمەریکاو هەرێمی کوردستان، "هەروەها ئەو کۆمپانیانەی کە باج دەدەن بەئەمەریکا 300 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانیان لەنەوت و سێکتەری هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئەمەریکا ئەو وەبەرهێنانەی لە کەرتەکانی عێراقدا نەکردووە و تەنیا لە کوردستان کردویەتی."

کانگێنز ڕاشیگه‌یاند، "گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، هەروەها لەگەڵ کۆمپانیا نیودەوڵەتییەکانی نەوتیش، لەم گفتوگۆیەدا چەند ڕێککەوتنێکی نوێ دەبێت، ئەوەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە."

رۆژی 25ی 3ی‌ 2023، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان‌و کەرکوک دوای بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی پاریس راگیرا، دادگاكه‌ بڕیاری لەبەرژەوەندیی عێراق داو لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیرا.

پێش بڕیارەکەی دادگای پاریس، رۆژانە 445 هەزار بەرمیل نەوت لەهەرێمی کوردستان‌و عێراقەوە هه‌نارده‌ی‌ تورکیا ده‌كرا کە 370 هەزار بەرمیلی لەهەرێمی کوردستان‌و 75 هەزار بەرمیلەکەی دیکەش نەوتی کەرکوک بو.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×