بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی دروستکردنی ھێڵی شەمەندەفەر تەواو بووەو ئێستا گفتوگۆ دەکرێت لەگەڵ کۆمپانیای بیانی بێن پڕۆژەکە جێبەجێبکەن.
ئاوێنه: حەکیم وەلید، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بهماڵپەڕی پارتی وتووه، "وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ھەنگاومان بۆ دروستکردنی ھێڵی شەمەندەفەر ناوەو لەقۆناغی یەکەم گرێبەستێکمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانی ھەبوو بۆ بابەتی لێکۆڵینەوەو دیراسەتی بەھا بزانین ئەو ھێڵە بۆ ھەرێمی کوردستان سودی ھەیە یاخود نا ئەوەمان بۆ دەرکەوتو دیراسەکە تەواوبو، دەرکەوت سودی بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر باش دەبێت".
وتیشی، "گرێبەستی دیراسەکە دو ملیار دینار بو لەگەڵ کۆمپانیایەک کرابو، بۆیە ئەوە دەمینێتەوە کۆمپانیای بیانی بێن کاری دروستکردنی بۆ بکرێت، کە لەڕوی تەکنیکی ئاسانە، بەڵام بودجەیەکی زەبەلاحی دەوێت و بەملیاران دۆلاری پێویستە."
ناوبراو دهڵێت، گفتووگۆی بەردەوام ھەیەو بەم دوایانە وەزیرو تیمێک سەردانی وڵاتی ئیسپانیایان کرد بۆ پەیداکردنی وەبەرھێنەرو کۆمپانیا بێن ھەنگاوی یەکەم لەپڕۆژەکە دەستپێبکەن، ئەمە جارێ لەقۆناغی گفتوگۆدایەو ھەرکاتێک کۆمپانیای بیانی ھەبوو ئەوکات دەتوانن دەست بەکار بکەن.
بهوتهی بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، عێراق بەھەمانشێوەی ھەرێمی کوردستان بەنیازە ھێڵی شەمەندەفەر لەبەسڕا بۆ سنوری ھەرێمی کوردستان دروستبکەن، ئەگەر ئەو دو ھێڵە تێکەڵ یەک بکرێت سودەکانی دەبنە دوقات، ئەگەرنا ئەوکات لەڕوی بازرگانی کەمتر دەبێت، چونکە لەزاخۆ دەستپێدەکات تا دەگاتە دھۆک و ھەولێر وسلێمانی و خاڵە سنووریەکانیش، بەڵام ئەمە ھەمووی بەقۆناغ دەبێت، بۆیە کارکردن لەسەر ئەو پڕۆژەیە بەردەوامی ھەیە و کاریشی لەسەر کراوە و ھەرکاتێک کۆمپانیا و وەبەرھێنەری بیانی ھەبێت کارکردن لەپڕۆژەکە دەستپێدەکات، لەبەر ئەوەی بودجەیەکی گەورەی پێویستە.