پارێزگای هەولێر: نزیكه‌ی‌ 70 هه‌زار گه‌شتیار لەڕۆژانی جەژندا سه‌ردانی‌ شاره‌كه‌یان كردووه‌
  2024-04-13       126       


نوسینگەی پارێزگاری هەولێر ئاماری‌ ڕۆژانی‌ جه‌ژنی‌ بڵاوكرده‌وه‌و به‌پێی‌ ئاماره‌كه‌، لەڕۆژانی پشوی جەژندا 69 هەزارو 499 گەشتیار سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە. هاوكات 30 تاوان له‌شاره‌كه‌ تۆمارکراوەو كه‌سێكیش به‌ڕوداوی‌ هاتوچۆ گیانیله‌ده‌ستداوه‌.

ئاوێنه‌: ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ نوسینگەی پارێزگاری هەولێر لەبارەی ئاماری سێ ڕۆژەی جەژنی ڕەمەزان:

بەپێی ئەو ئامادەکاری و پلانانەی بۆ سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، لەلایەن لیژنەی‌ ئەمنی‌ پارێزگای هەولێر بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەولێر، بە مەبەستی پاراستنی ئارامی و ئاسایش شار و سەر و ماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان ئامادەکاری بۆ کرابوو، پلانەکە وەکوخۆی و بە سەرکەوتووی و بەبێ گیر و گرفت جێبەجێکرا.
ئاماری گشتیی ژمارەی‌ هاتنی‌ گەشتیاران و ڕووداوەکانی ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ، لە سنووری پارێزگاکەمان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:- 

یەکەم/ گەشتوگوزار:-
سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، لەوانەش دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاریی پێویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ یٔەوەی ھاوکاربن بۆ چارەسەرکردنی هەر ڕووداوێك یان گیروگرفتێك. هەروەها پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بە مەبەستی دڵنیابوون لە پێشکەشکردنی خزمتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە (69 هەزار و 499) گەشتیار.

دووەم/ ئاسایشی هەولێر:-
بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی  پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.

سێیەم/ پۆلیس:-
سەرجەم هێزەکانی سەربە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لە هەموو بەش و هۆبەکان لە هەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لەئامادەباشی تەواودابوونە و پلانەکان وەک چۆن داڕێژرابوون تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکراون، ئاماری تاوانەکانیش لەڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، (30) تاوان تۆمارکراوە، (28) تاوان ئاشکراکراوە، (2) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.  

چوارەم/ هاتووچۆ:-
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بە سەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (5) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا و لە ئەنجامیاندا (20) کەس برینداربون و (1) کەسیش بەداخەوە گیانی لەدەستداوە. 

پێنجەم/ بەرگری شارستانی:- 
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی  ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (5) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لە لایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە.

شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتیی‌ تەندروستی‌:
تەواوی‌ تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرک دابوونە، لەسێ ڕۆژی جەژن (8786) نەخۆش سەردانی‌ نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، (140) منداڵ لەدایک بووە و (240) نەشتەرگەری‌ بچووک ئەنجامدراوە و (979) حاڵەتی‌ شوشتنی گورچیلە و (52) حاڵەتی‌ سووتان هەبووە.

حەوتەم/ سەرۆکایەتی شارەوانی:
سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و تیمەکانی شارەوانی، لە ڕۆژانی جەژن لە ئەرک دابوونە و لەو ڕۆژانەشدا (8 هەزار و 150) تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە.

دەستخۆشی لە یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکان و هێزە ئەمنیەکان و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر و تیمەکانی شارەوانی و ژینەگەپارێزان لە سەرجەم قەزا و ناحییەکان دەکەین، کە لە ماوەی‌ چەند ڕۆژی‌ ڕابردوو وێڕای‌ پشووی‌ فەرمانگەکانیان لە ئەرکدابوون، جارێکی تر وەکو پارێزگای‌ هەولێر هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی هەولێری پایتەخت دڵنییا دەکەینەوە وەک هەمیشە لە خزمەتی ئێوەدا دەبین بۆ دەستەبەرکردن و گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان و بە هەموو توانایەکمانەوە بە پشت بەستن بەتوانا و چاووکراوەیی هێزە ئەمنیەکان، شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و پارێزگاریکردن لە سەر و ماڵتان.

نووسینگەی پارێزگاری هەولێر
2024.4.13

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×