بایدن: له‌ خستنه‌ خواره‌وه‌ی موشه‌ك و درۆنه‌كانی ئێران هاوكاری ئیسرائیلمان كرد
  2024-04-14       196       

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، توانیویانە هاوکاریی ئیسرائیل بکەن ئەویش بەخستنە خوارەوەی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون.

 

ئاوێنە: لەبەیاننامەیەکدا جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، "ئێران و شانە نووستووەکانی کە لە یەمەن، سوریا و عێراق کار دەکەن، هێرشێکی ئاسمانی توندیان بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکان لە ئیسرائیل دەست پێکرد. من بە توندترین شێوە ئیدانەی ئەم هێرشانە دەکەم".

باسی له‌وه‌شكرد: "من پشتگیریی و بەرگریی لە ئیسرائیل دەکەم، و هەفتەی رابردوو سوپای ئەمریکا فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ بەرگری موشەکی بالیستیکی گواستەوە بۆ ناوچەکە و جێگیر کراون".

وتیشی: "توانیومانە هاوکاریی ئیسرائیل بکەین ئەویش بەخستنە خوارەوەی ئەو مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستەی ئیسرائیل کراون".

ئه‌وه‌شی باسكرد: "من قسەم لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ کردووە، بۆ پابەندبوونی بڕیارەکانی ئەمریکا لە پێناو ئاسایشی ئیسرائیل، هەروەها لە گفتوگۆکەماندا پێم راگەیاندووە، کە ئیسرائیل توانایەکی بێ وێنەی نیشانداوە بۆ بەرگریی و شکستپێهێنانی هێرشەکەی ئێران ئەویش بەناردنی پەیامێکی روون بۆ دوژمنەکانی کە ناتوانن بە شێوەیەکی کاریگەر هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکەن".

بایدن لە بەیاننامەکەدا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ئەمڕۆ سەرکردەکانی گروپی حەوت کۆ دەکەمەوە بۆ هەماهەنگی وەڵامدانەوەی دیپلۆماسی یەکگرتوو بۆ هێرشە بێڕەوشتەکەی ئێران".

ده‌شڵێت: "تیمەکەم لەگەڵ هاوتاکانیان لە سەرانسەری ناوچەکەدا پەیوەندی دەکەن، ئێمە لە پەیوەندیدا لەگەڵ سەرکردەکانی ئیسرائیل دەمێنینەوە. ئێمە بە وریاییەوە بەرامبەر هەموو هەڕەشەکان دەمێنینەوە و درێغی ناکەین لە گرتنەبەری هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی گەلەکەمان".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×