بافڵ تاڵه‌بانی په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و هۆشداریده‌دات
  2024-04-14       306       

سه‌رۆكی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هۆشداریده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ناكرێت مێژوو نادیدە بگیرێت‌و بەبەرژەوەندیی تەسكی حزبی‌و كەسییەوە درێژە بەسیاسەت بدەین"، ده‌شڵێت:" جیاوازییەكانمان چەند زۆربن، كوردبوونمان پێش هەمووشتێكه‌".

بافڵ تاڵه‌بانی له‌ساڵیادی 36 ساڵه‌ی ئه‌نفالدا په‌یامێكی بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تی:"ئەمڕۆ بەدڵتەنگییەكی قوڵەوە یادی 36 ساڵەی ئەنفال‌و جینۆسایدی گەلەكەمان دەكەینەوە، سەری ڕێزمان بۆ ڕۆحی پاكی شەهیدان دادەنەوێنین‌و سڵاوی ورەو خۆڕاگریی بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین".

ده‌شڵێت:"ئەنفال تاوانێكی لەیادنەكراوو برینێكی قوڵە بەدڵی نیشتمانەوە، مەرامێک  بوو بۆ لەناوبردن‌و سڕینەوەی میللەتێك كە بانگی ئازادیی دەداو خەونی بەسەرفرازییەوە دەبینی".

جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "هاوكات پەندێكی مێژوییشە تاوەكو لەو ڕاستییە تێبگەین جیاوازییەكانمان چەند زۆربن، كوردبونمان پێش هەمووشتێكەو چارەنوس‌و مانەوەمان بەندە بەیەكڕیزیی‌و یەكگرتوییمانەوە".

سه‌رۆكی یه‌كێتی له‌په‌یامه‌كه‌یدا هۆشداریداوه‌و نوسیویه‌تی:"میللەتی كورد لەڕابردودا هەموو جۆرەكانی ئازارو نەهامەتیی چەشتوە، ناكرێت ئەو مێژوە نادیدە بگیرێت‌و بە بەرژەوەندیی تەسكی حزبی‌و كەسییەوە درێژە بەسیاسەت بدەین‌و بەهاو ئامانجە باڵاكان بكەینە قوربانیی ململانێیەكی ناڕەواو ناپێویست، بۆیە هیوادارم هەمومان كوردانەو بەرپرسیارانە كاربكەین‌و میللەتە ستەمدیدەكەمان بەرەو سەقامگیریی‌و خۆشگوزەرانی ئاڕاستەبكەین، میللەتێك كە هەمومان قەرزاری گیانفیدایی‌و قوربانیدانیانین".

ئەنفال کە بەجینۆسایدی کورد ناسراوە، پرۆسەیەکی کۆمەڵکوژیی کوردانی باشوری کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی بەعس بەسەرۆکایەتی پێنجەمین سەرکۆماری عێراق، سەدام حوسێن لەکۆتایی شەڕی ئێران‌و عێراق بەهەشت قۆناغ کرا، کە هێزەکانی فەیلەقی یەک، فەیلەقی پێنجی سوپای عێراق‌و کەتیبەکانی بەناو بەرگری نیشتمانی تێدا بەشداربون‌و سەرجەمی هێزەکانیان نزیکەی 200 هه‌زار چەکدار دەبون.

لەتەواوی قۆناغەکانی شاڵاوی ئه‌نفالدا 182 هه‌زار هاوڵاتیی سڤیل بێسەروشوێنکران‌و زیاتر لەچوار هه‌زارو 500 گوندیش خاپورو وێرانکران.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×