وتەبێژی حکومەتی عێراق: پابه‌ندین به‌بڕیاری دادگای فیدراڵیی بۆ ناردنی‌ موچەی موچەخۆرانی هەرێم
  2024-04-14       315       
باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق

وتەبێژی حکومەتی عێراق جه‌ختله‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بۆ هەموو لایەک پابەندکارە.

ئاوێنه‌: له‌باره‌ی‌ به‌رده‌وامیی ڕه‌وانه‌كردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی‌ فیدراڵییه‌وه‌، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق كه‌ له‌واشنتن به‌ڕۆژنامه‌نوسانی‌ وت، بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بۆ هەموو لایەک پابەندکارە. وتیشی‌، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان هاوڵاتی پلە یەکی عێراقن." 

دوای‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، حكومه‌تی‌ عێراق موچه‌ی‌ مانگه‌كانی‌ شوبات‌و ئازاری‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ ڕه‌وانه‌ كردو بڕیاره‌ تا كۆتایی ئه‌م مانگه‌ش موچه‌ی‌ مانی‌ چوار (نیسان) بۆ هه‌رێم بنێرێت.

رۆژی 21ی 2ی 2024 دادگای فیدراڵی بڕیاری كۆتایی خۆی لەدۆسیەی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دا، دیارترین تەوەرەكانی بڕیارەكەی‌ دادگا بریتییە له‌ده‌رهێنانی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم له‌كێشه‌ سیاسیه‌كانی‌ نێوان هه‌ولێرو به‌غداو پابه‌ندكردنی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ عێراق‌و وه‌زاره‌تی‌ دارایی فیدراڵ به‌زامنكردن‌و ڕه‌وانه‌كردنی‌ سه‌رجه‌م موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم به‌شێوه‌ی‌ مانگانه‌و به‌بێ دواكه‌وتن هاوشێوه‌ی‌ سه‌رجه‌م موچه‌خۆرانی‌ شارو ناوچه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ عێراق.

یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگا بریتییه‌ له‌پابەندکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق‌و سەرۆک وەزیرانی هەرێم "بەبانکیکردن"ی موچەی فەرمانبەران‌و خانەنشینان‌و سودمەندانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتیی هەرێم لەگەڵ گواستنەوەی بۆسەر بەغداد لەڕێگەی بانکە حکومییە فیدراڵییەکانی دەرەوەی هەرێمەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×