كۆمەڵی دادگەری: دژی هەر جۆرە هەوڵ و هەنگاوێكین بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
  2024-04-17       202       

ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی موچە دەردەبڕێت و جەختیش لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە لەو وادەیەی كە بۆی دیاریكراوەو دەشڵێت، دژی هەر جۆرە هەوڵ و هەنگاوێكین بۆ دواخستنی هەڵبژاردن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان، بەسەرپەرشتی عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵ لە شاری شلێمانی كۆبوەوە.

ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری لە دوای كۆبونەوەكە لە راگەیەندراوێكدا وتی، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیش عێراق، بە بارودۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت کە ئەوسەری دیارنییەو کۆمەڵی دادگەریی دەخوازێت کە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، پارێزراو و دوربێت لە دەرهاویشتەو دەرەنجامەکانی ئەو بارودۆخە نوێیە ناوچەکەی تێکەوتوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە "ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمە، بەرپرسیارانە  مامەڵەو رەفتاربکەن و کارێک نەکەن کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بخەنە دۆخێکەوە کە دەرەنجامی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە کە دواتر چارەسەری ئەستەم بێت."

ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان پشتیوانیی خۆی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ چارەسەرو کۆتاییهێنان بە کێشەو قەیرانی چەندین ساڵەی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوپاتكردۆتەوە.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ جەختی لە بەڕێوەچونی پرۆسەکە كردۆتەوە لەو کاتەی کە دیاریکراوەو وتوشیەتی"دژی هەر جۆرە هەوڵ و هەنگاو و نیازێکین بۆ دواخستنی."

كۆمەڵ وتوشیەتی"پێمانوایە دواخستنی پرۆسەکە، هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسیی و ئەگەری هەیە ئەوەشی ماوە لە دەستی بدەین."

دەقی راگەیەندراوەكە:

بەناوی خودای بەخشندەی میهرەبان

بەسەرپەرشتیی مامۆستا عەلی باپیر و لە شاری سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی نیسانی 2024 ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان کۆبوەوە.

پاش گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنی وردی ڕوداو و پێشهاتەکانی ئێستا، ئەنجومەنی باڵا جەختدەکاتەوە لە:

یەکەم: ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتیش عێراق، بە بارودۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت کە ئەوسەری دیارنییە.

کۆمەڵی دادگەریی دەخوازێت کە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، پارێزراو و دوربێت لە دەرهاویشتەو دەرەنجامەکانی ئەو بارودۆخە نوێیە ناوچەکەی تێکەوتوە.

ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمە، بەرپرسیارانە  مامەڵەو رەفتاربکەن و کارێک نەکەن کە خەڵکی هەرێمی کوردستان بخەنە دۆخێکەوە کە دەرەنجامی نەخوازراوی لێ بکەوێتەوە کە دواتر چارەسەری ئەستەم بێت.

دوەم: پشتیوانیی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بۆ چارەسەرو کۆتاییهێنان بە کێشەو قەیرانی چەندین ساڵەی موچەی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان .

سێیەم: سەبارەت بە هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵ جەخت لە بەڕێوەچونی پرۆسەکە دەکاتەوە لەو کاتەی کە دیاریکراوەو دژی هەر جۆرە هەوڵ و هەنگاو و نیازێکین بۆ دواخستنی.

پێمانوایە دواخستنی پرۆسەکە، هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسیی و ئەگەری هەیە ئەوەشی ماوە لە دەستی بدەین.

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان

ئەنجومەنی باڵا

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×