مەسرور بارزانی داوای كۆتاییهێنان به‌ "هێرشه‌كانی سه‌ر هه‌رێم" ده‌كات
  2024-05-02       167       


مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند، هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابوریى هەرێمی کوردستان، زیانی بۆ هەمو هاوڵاتییانی عێراق هەیە و پێویستە کۆتایی بەو پەلامارانە بهێنرێت و ڕێگەی لێ بگیرێت.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی نوسینگه‌كه‌ی، مەسرور بارزانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ له‌میانی كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای فیدڕاڵ ئاماژەی بە هێرشە تیرۆریستییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد و دوپاتی کردەوە کە "هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئابوریى هەرێمی کوردستان، زیانی بۆ هەمو هاوڵاتییانی عێراق هەیە و پێویستە کۆتایی بەو پەلامارانە بهێنرێت و ڕێگەی لێبگیرێت".

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، سەرۆکی حکومەت هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ هەر هاریکاری و هاوئاهەنگییەکی پێویست لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ دەربڕی لە پێناو پەرەپێدانی ژێرخانی وزە، کە پێویستە ئەنجامدانی هەر کار و پرۆژەیەکیش تەنها لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بێت.

رۆژی 26ی مانگی (نیسان/4)ی ئه‌مساڵ کێڵگەی غازی کۆمرۆر لە رێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە بۆردومانکرا و بەهۆیەوە چوار کرێکاری بە رەگەز یەمەنی گیانیان لەدەستدا، هەروەها بوەهۆی راگرتنی بەرهەمهێنانی غاز و زیانگەیاندن بە تۆڕی کارەبای هەرێمی کوردستان.

هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كێڵگه‌ی غازی كۆرمۆر بوه‌هۆی راگرتنی كاره‌كانی به‌رهه‌مێنانی غاز و به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان، عێراق و وڵاتانی وه‌ك ئه‌مریكا و بریتانیا و فڕه‌نسا سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌یان كرد.

30ی (نیسان/4) کۆمپانیای دانەغاز لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە رایگەیاند، بە پشتبەستن بە ئەو رێکارانەی لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان گیراوەتەبەر بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×