وەزیری سامانە سروشتییەكان داوا لە ئەمریكا ژێرخانی وزەو ئابوریی هەرێم بپارێزن
  2024-04-29       213       

وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ كونسوڵی ئەمریكا رایگەیاند، تا ئێستا نۆ جار هێرشكراوەتە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر و داوا لە ئەمریكا دەكات هەوڵەكانی بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابوریی هەرێم چڕبكاتەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەکالەت پێشوازیی لە مارك سترۆ، كۆنسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و شاندێکی یاوەری كرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا كونسوڵی ئەمەریكا  نیگەرانیی خۆی لە هێرشە درۆنییەكەی سەر كێڵگەی كۆرمۆڕ و گیانلەدەستدانی چوار كارمەندی كێڵگەكە دەربڕی و هێرشەکەی بە "تیرۆریستی" دانا كە "ئامانج لێی زیانگەیاندنە بە لایەنی ئەمنی و ژێرخانی ئابوریی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، كونسوڵی ئەمریكا، ئاماژەی بەوەشدا کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی لە نزیكەوە چاودێری و بەدواداچونی گۆڕانكارییەكان دەكات و هەوڵەكانی بۆ پشتگیریی لە ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و رێگرتن لە بەزاندنی سەروەری خاكی عێراق و هێرشی تیرۆریستی بەردەوام دەبێت. 

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بەوەكالەت "هەوڵەكانی ئەمەریكای بەرز نرخاندو داواشی كرد هەوڵەكانیان بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابوریی هەرێم چڕ بكەنەوە کە ئەمە نۆیەمین هێرشە دەکرێتە سەر ئەم کێڵگەیە و زیانی بە ئابوریی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی فیدراڵ گەیاندوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×