قایمقامی چەمچەماڵ: بەزوترین كات بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر ئاسایی دەبێتەوە
  2024-04-27       252       

قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، بەزوترین کات بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی دەبێتەوە. دەشڵێت، نەیارانی کورد هەمیشە لەو شوێنانە دەدەن کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە. 

ئاوێنە: ڕەمك ڕەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ شەممە، بە میدیای پارتی راگەیاند"بە زوترین کات بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ئاسایی دەبێتەوە، چونکە ستافی کارکردن لە كێڵگەکەو لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ دوبارە ئاساییکردنەوەی کارکردن لە کێڵگەکە."

بەوتەی قایمقامی چەمچەماڵ، "ئەمڕۆ شاندێکی هاوبەشی هەردو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکات. ئاگاداریش کراوینەتەوە، شاندێکی حکومەتی عێراقیش سەردانی شوێنی روداوەکە دەکات."

لەبارەی دۆخی بریندارانی هێرشە درۆنییەکە، ڕەمەك ڕەمەزان ئاماژەی بەوە کرد، "دۆخی تەندروستیی برینداران زۆر باشە و مەترسی لەسەر ژیانیان نەماوە". وتیشی، ئێستا ئامادەکاریی دەکرێت بۆ ئەوەی تەرمی شەهیدەکان بنێردرێتەوە وڵاتەکەی خۆیان (یەمەن).

قائیمقامی چەمچەماڵ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕو، "بەداخەوە نەیارانی کورد هەمیشە ئەو شوێنانە دەکەنە ئامانج کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی هاوڵاتییانەوە هەیە". وەکو ئەو وتی"بەپێی یاسا، دەستور و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان، پاراستنی شکۆی عێراق بە هەمو شێوەیەک لە ئەستۆی حکومەتی عێراقە. داوا دەکەین ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە پێک هێندراوە، ڕاستییەکان ئاشکرا بکات."

ئێوارەی دوێنێ هەیینی، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنوری قەزای چەمچەماڵ و لە ئاکامی هێرشەکەدا، چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دوانی دیکەش بریندار بون.

لە دوای هێرشەکە، هەردو وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم رایانگەیاند، بەهۆی هێرشەكەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیراوە و هەر بەوهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بوەتەوە.


 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×