كۆمەڵی ئیسلامی: گفتوگۆكانی ئێستای هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر ئاستی حزبین
  2019-09-11       510       

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی دەڵێت؛ ئەو گفتوگۆو دانوستانانەی لەگەڵ حكومەتی عێراق لەئارادان لەسەر ئاستی حزبین و داواش دەكات دەستەیەكی دانوستان دروست بكرێت كە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان بكات.

ئاوێنە: ئەمڕۆ(چوارشەممە)، دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، سەردانی مەکتەبی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامییان کرد لە شاری هەولێر و لەلایەن ئەمیر و چەند ئەندامێکی سەرکردایەتیی ئەو حزبەوە پێشوازییان لێکرا.

دوای بەدوای كۆبونەوەیان، عەبدولستار مەجید، ئەندامی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵ و بەشداربوی كۆبونەوەكە، بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا باس لە دەستوری هەرێمی كوردستان، گفتوگۆكانی هەرێم لەگەڵ بەغداو هەروەها دۆخی كەركوك و خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی پارێزگاكان كرا.

عەبدولستار مەجید، وتی"لەكۆبونەوەكەدا سەبارەت بە دەستور ئێمە وتمان، دەستور بە گرنگ دەزانین بۆ هەرێمی كوردستان بەڵام دەستورێك كە گوزارشت لە بیروبۆچۆن و قەناعەتی هەمو لایەك بكات و هەمو لایەك تێیدا بەشدار بێت و بە رێككەوتن و سازان بێت. ئەو دەستورەی دادەنرێت بۆ هەرێمی كوردستان نابێت بەهیچ شێوەیەك پێچەوانەی مادەو بڕگەكانی دەستوری عێراق بێت."

عەبدولستار مەجید، كە هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵە لەپەرلەمانی كوردستان وتی"سەبارەت بە دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی ناوەند، ئێمە بە پەسەندمان زانیوە كە گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی عێراق بەردەوام بن بەئومێدی ئەوەی بگەین بە ئەنجامێكی باش بە قازانجی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان."

وتیشی"ئێمە وەكو فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی پڕۆژە یاسایەكمان ئامادە كردوە كە ئەمڕۆ پێشكەشی سەرۆكایەتی پەرلەمانی دەكەین بۆ دروستكردنی دەستەی دانوستانی هەرێم لەگەڵ بەغدا، بۆ ئەوەی ئەو گفتوگۆیانەی دەكرێن و ئەو رێككەوتنانەی دێنە پێشەوە، لەسەر بنەماو بناغەی حزبی نەبن بەڵكو دەستەیەك ئەم كارە بكات و ئەگەر ئەم دەستەیەیە نوێنەرایەتی هەرێمی كوردستان بكات لەسەر هەر شتێك لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكبكەوێت ئێمە هەمومان پشتگیری بكەین، ئەگەر ئەم دەستەیە لەگەڵ حكومەتی عێراق رێكنەكەوتو هەر شتێكی بەخراپ زانی دیسان ئێمە پشتگیریان دەكەین و ئەوكاتیش بەرپرسیارێتی دەكەوێتە سەر شانی هەمو لایەك."

جەختیشی كردەوە"بەڵام ئەوەی تا ئێستا لەئارادایە پێمانوایە گفتوگۆ و دانوستانەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق زیاتر حزبین و هەندێك جار لەسەر ئاستی كەسەكانیشن."

وتیشی: لە کەرکوک حزبە كوردستانییەكان بڕیاریان داوە بە یەك لیست بەشداری هەڵبژاردن بكەن بەڵام پێویست بە پشتگیریی زیاتر دەکات، بۆئەوەی کورد پێگەی خۆی لەڕێگای هەڵبژاردنەوە لەكەركوك بەهیز بکاتەوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×