ساڵح ژاژڵه‌یی: کوڕەکانی "کاک نەوشیروان" لەپشت پەردەوە گۆڕان بەڕێوەدەبەن
  2019-09-12       2624       

ساڵح ژاژڵه‌یی، جێگری دەستلەکارکێشاوەی سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژە بەوە دەکات جڤاتی نیشتمانی ماوەی یاسایی خۆی تەواو کردوەو شەرعیەتی نەماوە، ئەو دەلێت "کوڕەکانی "کاک نەوشیروان" لەپشت پەردەوە گۆڕان بەڕیوەدەبەن".

 

ئاوێنە: ساڵح ژاژڵه‌یی جێگری دەستلەکارکێشاوەی سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای راگەیاند کێشەی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە هێشتا هیچ هەڵبژاردنێک نەکراوە، جڤاتی نیشتمانی ئەندامەکانی زیاتر له‌چوار ساڵە هەڵبژێردراون، "دوو سێ ساڵە" هەر ماوەی یاساییان تەواو بووە ئەو بەرپرسی مەکۆیانەی کە بەدەنگی خەڵک بونەتە بەرپرسی مەکۆ ئێستا ڕەنگە ئەو خەڵکانە هەر نەمابن، واتە "وازییان هێناوە، دانیشتون، تۆراون، ئەو وتی "ئێمە وەک جڤاتی گشتی داوامان کرد وتمان خانەی ڕاپەڕاندینش لە بۆشایی یاسایدایە بۆ ئەوەی کە ئیش و کارەکان نەوەستن ماوەکەیان بۆ درێژ بکەنەوە هەتا کۆتایی ئەمساڵ کە بڕیارە کۆنفرانس بگیرێت، کە کۆنفرانس گیرا ئەوکاتە با هەڵبژاردن لەخوارەوە دەست پێبکەین بۆ سەرەوە ئەوکاتە جڤاتی نیشتمانی تازە هەڵبژێرێتەوە کە شەرعیەتی زیاترە ڕۆحی تازە و خەڵکی تازەدێتە پێشەوە با ئەوکاتە ئەو خەڵکانە دەنگ بە خانەی ڕاپەڕاندن بدەن ئەمەیان قبوڵ نەکرد."

وتیشی "بیست كه‌س له‌جڤاتی نیشتمانی خۆیان كاندید كردووه‌ بۆ پۆستی حكومه‌ت و دێن ده‌نگ به‌ ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن ده‌ده‌ن تا ئه‌وانیش سبه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ دیاری بكه‌ن بۆ پۆستی حكومه‌ت "

سەبارەت بەهۆكاری ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌یان لەبزوتنەوەی گؤران و جێگری سەرۆکی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گؤران، ژاژڵەیی وتی "خۆی هۆکاری سەرەی ئەوەی کە ئەم حەوت کەسە دەستمان لەکارکێشایەوە ئەوەبوو کە ڕۆژی 2ی مانگ جڤاتی گشتی کۆبونەوەی کرد داوامان لێکردن لەپێناوی یەکڕیزیدا ئەم هەڵبژاردنە مەکەن و درێژی بکەنەوە بۆ کۆتایی ساڵ بەڵام ڕۆژی دواتر جڤاتی نیشتمانی بڕیارەکەیان خستە بواری جێ بەجێ کردنەوە کە ئەمڕۆ جڤاتی گشتی هەڵبژاردن دەکەن وە 14ی مانگیش جڤاتی نیشتمانی، کەواتە کە بەقسەمان ناکەن و هیچ بۆچونێکمان وەرناگرن واتای وایە ئێمە هیچ نین ئەمە! لەوەوپێشیش زۆر جار داوامان کردووە ئاوا بکرێت یا ئاوا بکرێت بەڵام بەقسەیان نەکردوین، ئێـمە لەجڤاتی نیشتمانی زۆرینەمان یا هیچ نەبێت نیوەمان پێمان باش نەبوو گۆڕان بچێتە ئەم حوکمەتەوە ناڵێین حکومەت خراپە بەڵام کە ئەم بزوتنەوەیە بانگەشەی چاکسازی دەکات ناتوانرێت بە ویستی خۆی بەرنامەی خۆی جێ بەجێ بکات چونکە بەرنامەی حکومەت هەیە، حکومەتیش هی هەموانە، وتمان نەچن باشترە بەڵام دوایی بوو بە ئەمری واقیع و چوونە حکومەت ئیتر خۆ ئێمە ساحێب بڕیار نین، دواتر بڕیارێکی ترمان دا ئەویش یەکەم: وتمان هیچ کەسێک لەخانەی ڕاپەڕاندن خۆی هەڵنەبژێرێت بۆ هیچ پۆستێک، دووەم، وتمان هەرکەس چووە وەفدی دانوستان نابێت خۆی هەڵبژێرێت بۆ هیچ پۆستێك كه‌ گۆڕان له‌ حكومه‌ت وه‌ریده‌گرێت چونکە مەعقول نیە "زەلام" خۆی بچێت بۆ دانوستان بەڵام خۆی دابمەزرێنێت؟!، سێیەم: هیچ کەس لەوانەی پۆستی پەرلەمانتاری یا حوکمیان هەبووە کاندید نەکرێن، بەڵام ئەوانەش هیچیان بەقسە نەکردین، ئێ کەواتە من بۆ لەجڤاتێکدا بم کە قسەم نەڕوات و هیچ بەقسەم نەکەن؟! کەواتە من دەچمە دەرەوە."

وتیشی "قسە و گومانێک هەیە کە بەردەوام باس دەکرێت و ناشاردرێتەوە ئەویش ئەوەیە دەڵێن، کوڕەکانی "کاک نەوشیروان" لەپشت پەردەوە گۆڕان بەڕیوەدەبەن و دەست وەردەدەنە خانەی ڕاپەڕاندن و شتەکان دەیانەوێت بەویستی ئەوان بێت، من پێم وایە ئەوان "کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا" بە ئەندازەی خۆیان کاریگەرییان هەیە و دەست وەردەدەن و خاوەن بڕیارن لە هەندێک شتدا نەک هەموو شتێک، ئەگەر بشیانەوێت کاریگەرییان دەبێت، چونکە ئەوانە کوڕێکی پیاوی گەورەن و ئەو خەڵکانە دەناسن لە هەڵبژاردنی ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانیدا بەڵام زانیاریم نیە ئەگەر هەمبوایە بێگومان ئێستا باسم دەکرد، بەڵام دەڵێن بەخشس دەدەنە خەڵک بۆ دەنگدان بەو کەسانەی ئەوان دەیانەوێت بۆ خانەی ڕاپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×