وەزیری گواستنەوەی تورکیا: رۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌ گەشتە ئاسمانییەکان بۆ سلێمانی دەستپێدەکەنەوە
  2019-01-23       822       

جاهیت تورهان، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، رایگه‌یاند؛ له‌رۆژی 25ی ئه‌م مانگه‌وه‌ گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌ی و فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌و ئاشكراشیكرد كه‌ هێڵێ ئاسمانی توركی هه‌فته‌ی حه‌وت گه‌شتی ئاسمانی له‌نێوان ئه‌سته‌نبوڵ-سلێمانیدا ئه‌نجام ده‌دات.

ئاوێنه‌: جاهیت تورهان، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا، ئه‌مڕۆ(چوارشه‌ممه‌)، به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی راگه‌یاند" قەدەغەی گەشتە ئاسمانییەکان کە لە ساڵی ٢٠١٧دا لە چوارچێوەی راپۆرتی فڕۆکەوانیی حکومەتی ناوەندیی عێراقدا، خرابویە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی لە رێکەوتی ٢٥ی کانونی دوەمەوە هەڵدەگیرێت.

وتیشی"گەشتەکان دوبارە دەستپێدەکەنەوە بە شێوەیەک کە هێڵی ئاسمانیی تورکی هەفتەی حەوت گەشتی ئاسمانیی لە نێوان ئیستانبوڵ-سلێمانی-دا ئەنجام دەدات".

جاهیت تورهان ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە هەریەک لە فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی لە باکوری عێراق لە چوارچێوەی راپۆرتێکی فڕۆکەوانییدا کە لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە بڵاوکرایەوە لە کاتژمێر ١٨:٠٠ی رۆژی ٢٩ی ئەیلولی ٢٠١٧ەوە بەڕوی هاتوچۆی نێودەوڵەتییدا داخران.

بڕیاربو رۆژی 24ی ئه‌م مانگه‌ ئه‌و گه‌شتانه‌ی نێوان توركیاو فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانی ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌ به‌ڵام پێشتر دانا محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن‌و پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی له‌لێدوانێكی‌ رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، جارێکی تر گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان سلێمانی‌و تورکیا بۆ ماوەی یەک تا دو رۆژ دواخراوەتەوە.

وتیشی "بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆرە گەشتەکان راگیراون، لەئێستادا هێڵی ئاسمانی تورکی دەبێت مۆڵەت لەدەستەی فڕۆکەخانەی عێراقییەوە وەربگرێتەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×