بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا: بەشێک لەو هێرشانه‌ی ئه‌نجامده‌درێن داعش نییه‌و بۆ پارەیە
  2019-01-23       765       

بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالە، رایگه‌یاند؛ ئەو هێرشانەى شەوان دەکرێنە سەر گوندەکانى سنورى ناحیەکەى و قەزاى خانەقین، مەرج نیە تەنها داعشیان لە پشتەوە بێت.

ئاوێنه‌: شێخ یەعقوب لهێبى، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی جه‌له‌ولا کە هاوکات سەرۆک عەشیرەتێکى عەرەبى سونەشە، بە دەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"ئەو هێرشانەى شەوان دەکرێنە سەر گوندەکان گەر بڵێی داعش نین، داعشن، گەر بشڵێى حەشدى شەعبى نین، حەشدیشن، هەمو لایەک دەستیان لەو هێرشانەدا هەیە."

سەبارەت بە هۆکارى هێرشەکان، بەڕێوەبەرى ناحیەى جەلەولا وتى"بەشێک لە هێرشەکان بۆ پارە لە خەڵک وەرگرتنن، بە خەڵک دەوترێ، پارەمان نەدرێتێ، بۆمبتان بۆ دادەنێین و دەتانکوژین."

بەشێک لەو گوندانەى سنورى قەزاى خانەقین و جەلەولا کە هێرشیان دەکرێتە سەر، گوندى کوردنیشینن، بۆیە بەشێک لە بەرپرسانى کورد پێیانوایە پلانى چۆڵکردنى ناوچەکە بە کوردەکان لە پشت هێرشەکانەوەن.

بەڵام یەعقوب لهێبى پێیوایە کوردەکان ماڵ و دو ماڵ نین، تا ناوچەکەیان پێ چۆڵ بکرێت، دەڵێت"هێرشەکان کاریگەریان لەسەر کورد نابێت."

لە رۆژى 17 ى ئۆکتۆبەرى ساڵى 2017، کاتێک هێزە کوردیەکان ناحیەکەیان جێهێشت، زۆربەى ئەو خێزانە کوردانەى نیشتەجێى جەلەولابون، بەرەو ناوچە جیاجیاکانى گەرمیان کۆچیان کرد.

سەبارەت بە چارەنوسى خێزانە کوردەکان، یەعقوب لهێبى دەڵێت"زۆرێک لە خێزانە کوردەکان گەڕاونەتەوە چونکە کرێ خانویان پێنادرێ، ئەوانەشیان کە ماونەتەوە، لە ئێستادا رۆژانە لێیان دێتەوە."

درکاندنى نهێنى هەڵکوتانە سەر گوندەکان و گێچەڵ پێکردنیان لەلایەن هێزى ترى جیاواز لە داعشەوە، لە کاتێکدایە کەم شەو هەیە هێرش نەکرێتە سەر ناوچەکانى سنورى جەلەولا و خانەقین.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×