پارتی: ئەركی هێزە ئەمنییەكانە بارەگاكانمان لەسلێمانی بپارێزن
  2019-09-20       891       

وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی و هەڵەبجە، دوای ئەوەی شەوری رابردو تەقە لە لقی چواری پارتی كرا، رایگەیاند ئەركی هێزە ئەمنییەكانە بارەگاكانیان و سەروماڵی كادیرانیان لە سنوری پارێزگای سلێمانی بپارێزن.


ئاوێنە: سەعات 1:00ی درەنگانی شەوی رابردو لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە تەقە لە بارەگای لقی چواری پارتی لە شاری سلێمانی کرا بەڵام ھیچ زیانێکی گیانی بە دواوە نەبوە.
عەتا شێخ محەمەد، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەسلێمانی و هەڵەبجە، لەبارەی تەقەكردنەكەوە، لەلێدوانێكدا رایگەیاند"روی دەممان لە ھێزە ئەمنییەکانی شارەکە و لیژنەی ئەمنییه‌، ئەرکی ئەوانە بارەگاکانی ئێمە و سەروماڵی کادیرانمان لەم سنورە بپارێزن، ئەمڕۆ ھەینییە و پشوە، بەڵام لە رۆژانی داھاتودا بەدڵنیاییەوە سکاڵای خۆمان لەسەر ئەو ھێرشە تۆماردەکەین".


عەتا شێخ حەسەن تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ش نازانن هێرشكاره‌كان کێن، بەڵام بە مافی خۆیانی دەزانن ئەو کەسانەی دەیانەوێت ئاسایش و ئارامی شارەکە تێکبدەن بیاندۆزنەوە و دادگاییبکرێن.


تەقەكردنەكەی شەوی رابردو لە لقی چواری پارتی، دوای ئەوە هات كە دوێنێ لە بازگەیەكی سماقوڵی رێگری لە مەحمود سەنگاوی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گیرا بچێتە هەولێرو ئەوەش كاردانەوەی توندی یەكێتی لێكەوتەوەو وتەبێژەكەی رایگەیاند، ئەو هەڵسوكەوتانە قبوڵ ناكەن.


سەبارەت بەوەی ئەو ھێرشە تا چەند پەیوەندی بە روداوی رێگریی لەمەحمود سەنگاوی بۆ ھەولێر هەیە وته‌بێژه‌كه‌ی پارتی ئاشكرایكرد ناتوانن ھێرشی سەر بارەگاکەی حزبەکەیان ببەستنەوە بەو روداوەوە و کاری لیژنە ئەمنییەکانە لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە بکەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×