وەزیری پلاندانانی هەرێم: سەبارەت بە ئەنجامدانی سەرژمێریی هەست بە مەترسی دەكەین
  2019-09-20       888       

دارا رەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ سەبارەت بە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لەعێراق، ئێمە هەست بە مەترسی دەکەین بۆ سەر کورد دەكەین و ئەو مەترسییەش تەنها كورد هەستی پێ ناكات بەڵكو لای توركمان و مەسیحی و كلدانەكانیش ئەو هەستە هەیە.

ئاوێنە: حكومەتی عێراق بڕیاریداوە لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠٢٠ سەرژمێریی لە سەرتاسەری عێراق ئەنجامبدرێت و لیژنەیەکی باڵاش بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە کە پێکهاتەکان لە خۆدەگرێت و خەریکی گفتوگۆ و ئامادەکاریین.

تا ئێستا سێ کۆبونەوە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ئەنجامدراوە به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق و بەوتەی وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان، چەند رێگاچارەیەک وەکو پێشنیار دراوە بە كاربه‌ده‌ستانی بەغدا بۆ ئەوەی بتوانرێت سەرژمێرییەک ئەنجامبدرێت مافی هەمو پێکهاتەکان تێیدا دەستەبەربکرێت.

دارا رەشید لەوباریەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو-ی توركی رایگه‌یاند"سەبارەت بە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق، ئێمە هەست بە مەترسی دەکەین هەم بۆ سەر کورد و هەم بۆ سەر برا تورکمانەکان چونکە ئەگەر بگەرێینەوە مێژوی سەرژمێریی لە عێراق تەنیا کورد و تورکمان کاریان لەسەرکراوە کە ژمارەیان کەم بکرێتەوە لەو شوێنانەی کە لە دانیشتوانە رەسەنەکانن، بۆ نمونە لە لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا کورد لە کەرکوک نزیکەی سەدا ٥٠ بوە و تورکمان نزیکەی سەدا ٢٣ بوە، لە سەرژمێری ساڵی ١٩٩٧ کە بەبێ هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، رێژەی کورد له‌ ٥٠ له‌سه‌ده‌وه‌ بوەتە ٢٠ له‌سه‌د، رێژەی تورکمان لە ٢٣ له‌سه‌ده‌وه‌ بوەته‌ ٦ له‌سه‌د، لەبەرامبەریشدا رێژەی عەرەب لە ساڵی ١٩٥٧ كه‌ ٢٧ له‌سه‌د بوە، لە ساڵی ١٩٩٧ بوەتە سەدا ٧٢".

وتیشی "تەنیا هەر کورد هەست بەو مەترسییە ناکات، بەڵکو تورکمان و مەسیحیی و کلدانەکانیش هەستی پێ ده‌كه‌ن، چونکە دوای شەڕی داعش گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی بەسەر هەندێک ناوچەدا هاتوە، بۆ نمونە ئەگەر سەیر بکەین رەنگە سەنتەری شاری موسڵ مەسیحییەکی تێدا نەمابێت و، لە ئێستاشدا ناگەڕێنەوە چونکە ناوچەکە سەقامگیر نییە، بۆیە ئەو پێکهاتانەش هەست بەو مەترسییە دەکەن".

لەبارەی ئەو دەنگۆیەی کە باس له‌وه‌ ده‌كات گوایه‌ دەستکاریی ژمارەی پێكهاته‌كانی دیكه‌ و گۆڕینی بۆ نه‌ته‌وه‌ی کورد دەکرێت لە هەرێمی کوردستان، دارا رەشید دەنگۆکەی رەتکردەوە و وتی"ئەو دەنگە نەشازانە زۆرن کە لێدوانی وا دەدەن، ئەم لێدوانانە خزمەت بە برایەتی کورد و عەرەب و تورکمان ناکات، ئەو بابەتە هیچ بنەمایەکی نییە. بە پێچەوانەوە، ئێمە شانازیی بەوە دەکەین کە کەرکوک عێراقێکی بچوکە و پێکهاتەکان تێیدا دەژین. لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی هیچ کەسێک لە نەتەوە ناپرسێت و هەمومان لەبەرامبەر ئەرک و مافەکانماندا یەکسانین، هیچ کەسیش ناتوانێت نکۆڵی لە بونی نەتەوەی کورد و تورکمان بکات لە هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە هەڵوێست و پلانی هەرێمی کوردستان بۆ بەشدارییکردنییان لە ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان وتی: "لیژنەیەکی باڵا پێکهاتوە لە ئەنجومەنی وەزیران، منیش هێندەی شەڕم لەسەر کورد کرد، ئەوەندەش شەڕم لەسەر تورکمان کردوە چونکە زوڵم لەوانیش کراوە. پێمان وایە کەرکوک ناوچەیەکی کوردستانییە و هەمو پێکهاتەکان تێیدا دەژین، لە هەولێریش کورد نەتەوەی یەکەمە و تورکمان نەتەوەی دوەمە، کولتوری پێکەوەژیان هەیە و، پێمان وایە کوردستان شوێنی کورد و تورکمانە، تورکمان بەشدارە لە پڕۆسەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان، بۆ نمونە سکرتێری پەرلەمان لە نەتەوەی تورکمانە و، لە حکومەتیشدا وەزیری تورکمان هەیە و ئەوە هەمو ئەو راستیانە دەگەیەنێت کە کوردستان وڵاتی هەموانە".

له‌باره‌ی دواپێشهاتەکان بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێریی لە عێراق، وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان وتی"ئێمە رێگاچارەیەک پێشنیار دەکەین کە خزمەتی هەمو هاوڵاتییان دەکات بەبێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوە، پێشتر شەڕی کورد و تورکمان بو کە زوڵمیان لێکرابو، بەڵام دوای شەڕی داعش برا ئێزدی و مەسیحییەکانیش گۆڕانکاریی دیمۆگرافی بەسەر ناوچەکانییاندا هاتوە و، ئەو رێگاچارانەی باسمان کردوە لەگەڵ شاندی بەغدا، پێشوازیی لێکراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ناتوانین بەشداری لە پڕۆسەیەکدا بکەین ئەگەر ئاساییکردنەوەی رەوشی تێدا نەبێت".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×