ئایا سەرۆكایەتی كۆمار كار بۆ لێخۆشبون لە 300 ملیۆن دۆلار قەرزی سەر ئاسیاسێل دەكات؟
  2019-09-25       3242       

ئا: ئاوێنە


سەرۆكایەتی كۆمار ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە د.بەرهەم ساڵح ناوبژیوانی كردبێت بۆ لێخۆشبون لە 300 ملیۆن دۆلار قەرزی سەر ئاسیاسێل.


نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار ئەو هەواڵانە بەدرۆ دەخاتەوە كە باس لەوە دەكەن د.بەرهەم ساڵح خەریكی ناوبژیوانییە بەمەبەستی رەتكردنەوەی 300 ملیۆن دۆلار قەرزی سەر ئاسیاسێل.


ئەم بەدرۆخستنەوەیە دوای ئەوە هات كە پەرلەمانتاری لیژنەی خزمەتگوزاری‌و ئاوەداكردنەوەی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هودا سەجاد ئەمڕۆ سێشەممە 24 / 9، رایگەیاند سەرۆك كۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح كار بۆ ئەو لێخۆشبون لەو قەرزانە دەكات كە لەسەر كۆمپانیای ئاسیاسێل كەڵەكە بون.


سەجاد وتی "سەرۆك كۆمار، كە پێویستە پارێزەری دەستور‌و سەروەت‌و سامانی عێراقییەكان بێت، نوسراوێكی ئاڕاستەی وەزیی داد كردوە بەمەبەستی دەستهەڵگرتن لەقەرزەكانی سەر ئاسیاسێل كە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلارە".


وتیشی "قەرزی سەر سێ‌ كۆمپانیای ئاسیاسێل‌و زەین‌و كۆڕەك زیاتر لە 750 ملیۆن دۆلارە".


ئەمە لەكاتێكدایە كە میدیاكانی عێراق هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردوە ژێر بەژێر هەوڵ دەدرێ‌ لەڕێگەی سەفقەیەكەوە بڕیارێكی دادگا لەبارببرێ‌ كە پێویستە ئاسیاسێل وەك كۆمپانیایەكی بیانی كە 63%ی پشكەكانی هی كۆمپانیای ئۆریدۆی قەتەرییە، دەبێت 18%ی داهاتەكەی بدات بەدەوڵەتی عێراق بەپێی گرێبەستی مۆڵەتپێدان، بەڵام ئاسیاسێل وەك كۆمپانیایەكی عێراقی خۆی تۆمار كردوە بۆ ئەوەی باجی زۆر نەدات‌و تەنها 15%ی داهاتەكەی بدات بەدەوڵەت.


ئەم میدیایانە باس لەوە دەكەن كۆمپانیای ئاسیاسێل كە قەتەرو چەند كەسایەتییەكی دەستڕۆشتوی كوردی لەپشت وەستاوە، دەیانەوێ‌ تێهەڵچونەوە بەو بڕیارەی دادگادا بكەن كە بڕیاری لەسەر ئەوە داوە ئاسیا سێل كۆمپانیایەكی بیانییە، دەیانەوێ‌ دادگای تێهەڵچونەوە لەبەغداوە بگوازنەوە بۆ دادگایەكی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بڕیار لەسەر ئەوە بدات كە ئاسیاسێل كۆمپانیایەكی عێراقییە‌و حساباتی بلۆك نەكرێت. 


ئەم میدیایە عێراقیانە ئاماژە بەوە دەكەن كە قەتەرو ئاسیاسێلیش پەنایان بردوەتە بەر بەرتیل‌و دەم چەوركردن بەمەبەستی داخستنی كەیسی گۆڕینی ئاسیاسێل لەكۆمپانیایەكی عێراقییەوە بۆ كۆمپانیایەكی قەتەری.


لەبەرامبەر ئەم هەواڵانەدا، نوسیگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار رەتیدەكاتەوە سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح كاری كردبێت بۆ رەتكردنەوەی ئەو قەرزانەی كە لەسەر یەكێك لەكۆمپانیا پەیوەندییەكان كەلچەكە بوە.


سەرۆكایەتی كۆمار لەراگەیەندراوەكەیدا دەڵێت "ئەوەی لەهەندێك لەئامڕازەكانی راگەیاندندا سەبارەت بەدەستوەردانی سەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵح دەوترێت بۆ رەتكردنەوەی ئەو قەرزانەی لەسەر یەكێك لەكۆمپانیا پەیوەندییەكانە، درۆیەو زۆر دورە لەڕاستییەوە‌و تەواو بێ‌ بنەمایە".



هاوكات لەگەڵ بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵەدا، پەرلەمانتاری ئیتیلافی سائرون، عەلا رەبیعی رایگەیاند پێویستە وەزارەتی پەیوەندییەكان بەردەوام نەبێت لەسەر گرێبەستەكەی لەگەڵ كۆمپانیای IQ networks ی ئینتەرنێت، لەبەرئەوەی ئامادە نییە ئەو قەرزانە بداتەوە كە ئەستۆیدایە‌و زیاتر لە 15 ملیار‌و 400 ملیۆن دینارە".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×