هیومان رایتس ۆوچ: دادگاكانی تەمیز لەعێراق بانگەشەكانی ئەشكەنجەدان پشتگوێ دەخەن
  2019-09-26       472       

رێكخراوی هیومان رایتس ۆوچ، رایگەیاند، بڕیارەكانی دادگاكانی تەمیز لەعێراق لە كەیسەكانی تیرۆردا، بانگەشەكانی ئەشكەنجەدان پشتگوێ دەخەن.

ئاوێنە: رێكخراوەكە، رۆژی چوارشەممە 25ی ئەیلول، لەراپۆرتێكدا رایگەیاندوە، بەپێی لێكۆڵینەوەیەك دەركەوتوە دادوەرانی دادگای تەمیزی عێراق لە 20 كەیسی تیرۆردا لەماوەی نزیكەی 18 مانگدا، بانگەشەكانی ئەشكەنجەدانیان پشتگوێ خستون یاخود لەبڕیارەكانیاندا پشتیان بەو دانپێدانانە بەستوە كە بێ بەڵگەن.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هەندێك لەو بانگەشانەی ئەشكەنجەدان لە پكشنینەكانی پزیشكی دادوەریدا سەلمێنراون و هەندێك لە دانپێدانەكانیش بە بەڵگە پاڵپشتی نەكراون و پێدەچێت لەژێر زەبری هێزدا ئەو دانپێدانانە وەرگیرابن لەنێویشیاندا لەڕێگەی ئەشكەنجەدانەوە.

هەروەك راپۆرتەكە ئەوەشی خستۆتەڕو كە لەسەرجەم ئەو كەیسانەدا، دادگاییكردنە سەرەتاییەكان بانگەشەكانی ئەشكەنجەدانیان بەجددی وەرگرتوەو بە متمانەپێكراویان زانیون و بەڵگەكانیان نرخاندون و تۆمەتبارانیان ئازادكردون.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ئەو كەیسانە دەریدەخەن كەلێنەكان لە سیستمی دادپەروەریی تاوانكاریی عێراقیدا تا بەرزترین ئاست پەرەیان سەندوە.

راپۆرتەكە باسی لەوە كردوە كە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان، نابێت دادگاكان بەهیچ شێوەیەك پشت بەو بەڵگەكانە ببەستن كە لەڕێگەی ئەشكەنجەدانەوە بەدەستهاتون.

داواشی لە وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش كردوە كە بڕیارە ئەمڕۆ لە پەراوێزی كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگردتوەكاندا كۆببنەوە، تاوتوێی رێكارەكانی لێپێچینەوە لە تاوانەكانی داعش بكەن و لەسەر ئەوە رێكبكەون كە ئەو تۆمەتبارانەی داعش كە لەسوریا دەستگیركراون نەگوێزرێنەوە بۆ عێراق تا ئەو كاتەی سیستمی دادوەریی عێراق دەتوانێت دادگاكانی پابەندی پێودانگە نێودەوڵەتییەكان بۆ دادگاییكردنی دادپەروەرانە بكات و هەروەها حكومەتی عێراق سزای لەسێدارەدان رادەگرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×