باڵیۆزخانەی ئەمریكا: بەوردی چاودێری خۆپیشاندانەكانی عێراق دەكەین
  2019-10-02       545       

باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا، ئەمڕۆ چوارشەممە، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە بەكارهێنانی توندوتیژی دژ بە خۆپیشاندەرانی عێراقی لەبەغداو هەندێك لە پارێزگاكان راگەیاندو دەشڵێت، بەوردی چاودێری خۆپیشاندانەكان دەكەن.

ئاوێنە: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، خۆپیشاندانەكان لە چەند ناوچەیەكی بەغدای پایتەخت دەستیان پێكردەوە ئەوەش دوای ئەوەی ئەو خۆپیشاندانانە دوێنێ سێشەممە لەبەغداو چەند پارێزگایەكی دیكەی عێراق دەستیان پێكردو تێیدا 400 كەس بریندار بون و سیانی دیكەش كوژران.

 باڵیۆزخانەی ئەمریكا لەبەغدا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، نیگەرانن لە بەكارهێنانی توندوتیژی لە خۆپیشاندانەكانداو داوای كەمكردنەوەی ئاستی گرژییەكانیش دەكات.

 ئەوەشی خستۆتەڕو كە بەردەوام دەبن لە چاودێریكردنی خۆپیشاندانەكان لەنزیكەوەو ئاماژەی بەوەشداوە كە خۆپیشاندانی ئاشتیانە مافێكی بنەڕەتییە لە سەرجەم سیستمە دیموكراتییەكاندا بەڵام توندوتیژی لەنێو خۆپیشاندانەكاندا لەلایەن هەر لایەكەوە بێت، جێی نابێتەوە.

 خۆپیشاندانەكان دوێنێ لە بەغداو چەند پارێزگایەكی دیكە دەستیان پێكرد و تێیاندا خۆپیشاندەران داوای چاكسازی و خزمەتگوزاری دەكەن و ئەمڕۆش ئەو خۆپیشاندانانە لە چەند ناوچەیەكی بەغدا لەوانە گۆڕەپانی تەحریر بەردەوام بون ئەوەش وێڕای ئەوەی هێزە ئەمنییەكان رێوشوێنی توندوتیۆڵیان گرتبوە بەر بۆ سەرهەڵنەدانەوەیان.

لەو ناوچانەی بەغدا كە خۆپیشاندانی تێدا بەڕێوەدەچێت خۆپیشاندەران بە سوتاندنی تایە گوزارشت لە ناڕەزایەتییەكانیان دەكەن.

كەمێك لەمەوبەریش تەلەفزیۆنی رەسمی ئەلعراقیە، بڵاویكردەوە كە عادل عەبدولمەهدی، لەم كاتەدا سەرۆكایەتی كۆبونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەكات بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتەڕو.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×