له‌ بەغداد خۆپیشاندانەكان دژ بە گەندەڵی بەردەوامە
  2019-10-02       627       
لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكان، رێوشوێنە ئەمنییەكان لە چەند ناوچەیەكی بەغدا توندتركران، هەروەها ئەو رێگە و پردانەی كە دەچن بۆ گۆڕەپانەكانی تەحریر و تەیەران، داخران.

ئاوێنه‌: لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندان لە ناوچەكانی زەعفەرانییە و شەعب دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوازرییەكان سازكرا، سەدان كەس لە گۆرەپانەكانی تەحریر و تەیەران ناوەڕاست بەغدا گردبوونەوە.

‌ئاماژەی بەوەش كراوە كە لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەكان، هێزە ئەمنییەكان رێوشوێنەكانیان لە چەند ناوچەیەكی شاری بەغدا توندتركردووە و، هەروەها پردی كۆمارییان داخست كە دەچێت بۆ گۆڕەپانەكانەكانی تەحریر و تەیەران.

هەروەها پردی زەعفەرانییە بە ئاراستەی سەربازگەی رەشید و چواریانی بازاڕی شەلال بە ئاراستەی دیالە، چواریانی ناوچەكانی شەعب و حوسێنییە لەگەڵ چواریانی شارەوانیییەكان نزیك كارگەی چیمەنتۆ و كەرادە داخراون.

هاوكات لە میانی خۆپیشاندانەكاندا لە چەند ناوچەیەكی بەغدا، خۆپیشاندەران دەستیان كرد بە سوتاندنی تایە و لە بەرامبەردا هێزەكانی سوپا و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە ناوچەكانی دەورووبەری گۆڕەپانی تەحریر بڵاوبوونەوە.

لە دوێنێ‌ سێشەممەوە لە بەغدا و ژمارەیەك شاری باشووری عێراق خۆپیشاندان سازكراوە بۆ دژایه‌تی گەندەڵی و بێكاریی لە وڵاتدا.

لە میانی خۆپیشاندانەكانی دوێنێ سێشەممەدا، پێكهەڵپژان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەكاندا روویدا كە بە هۆیەوە ژمارەیەك لە هەردوولا بوونەتە قوربانی.

ئەمڕۆ چوارشەممەش خۆپیشاندەران لە شاری بەغدا و چەند شارێكی دیكە درێژەیان بە خۆپیشاندان دا بۆ دژایه‌تی گەندەڵی و بێكاریی لە وڵاتەدا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×