قەدەغەکردنی ھاتوچۆ سێ شاری تری عێراقی گرتەوە
  2019-10-03       1287       
حکوومەتی عێراق بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆی لە بەغداوە بۆ سێ شاری تری عێراق فراوان کرد، بەوەیش جگە لە بەغدای پایتەخت لە شارەکانی تری ناسرییە،عمارە و نەجەف ھاتوچۆ تا کاتێکی نادیار قەدەغە کرا.

ئاوێنه‌: ھێزە ئەمنییەکانی عێراق رێوشوێنە ئەمنییەکانی خۆیان بەرفراوانتر کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیاری قەدەغەکردنی ھاتوچۆیان لە سێ شاری تری خوارووی عێراق خستەبواری جێبەجێکردنەوە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لە دوو بەیاننامەدا، رایگەیاندوە کە قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە شارەکانی ناسرییە و عمارە لە کاتژمێر سێی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێکردن و تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.

ھەروەھا بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەجەف لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە قەدەغەکردنی ھاتوچۆی تەواو لە شارەکە راگەیەندراوە.

ئەو بڕیارەش لە کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆوە چووەتە بواری جێبەجێکردن و تا کاتێکی نادیار بەردەوام دەبێت.

راگەیاندنی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لەو سێ شارەی عێراق دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە بەغدای پایتەخت راگەیەندرا، ئەوەش وەک ھەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان کە ماوەی سی رۆژە دەستیان پێکردووە و تا ئێستا بەو ھۆیەوە ٢١ کەس کوژراون و سەدانی تریش بریندار بوون، جگە لە کەوتنەوەی زیانی ماددی زۆر لەو ناوچانەی خۆپیشاندان تێیاندا ئەنجام دەدرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×