ژمارەی قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی عێراق بو بە ٢١ کوژراو
  2019-10-03       986       

حکوومەتی عێراق شکستی ھێنا لە ھەوڵەکانی بۆ رێگریکردن لە کۆبوونەوە و ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە شاری بەغدا، ھەروەھا ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان بۆ ٢١  کەس بەرزبویەوە.


ئاوێنه‌: ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرەڕای ھەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و راگەیاندنی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە بەغدا، بەڵام سەدان کەس رژانە سەر شەقامەکانی پایتەخت بۆ شکاندنی قەدەغەکردنی ھاتووچۆ .

خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ دوابەدوای شەوێکی خوێناوییە بە ھۆی خۆپیشاندانەکانەوە کە کوژران و برینداربوونی دەیان کەسی لە خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان لێکەوتەوە.

لەلای خۆیانەوە سەرچاوە پزیشکییە عێراقییەکان بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییانیان بۆ ٢١ کەس راگەیاند، پاش ئەوەی شەوی رابردوو ١٢ کەس لە خۆپیشاندانەکان کوژران.

ھەروەھا لە رۆژی سێشەممە و سەرەتای سەرھەڵدانی خۆپیشاندانەکانەوە سەدان کەس رووبەڕووی گرتن بوونەتەوە و ژمارەیەکیش بریندار بوون، زیانی گەورەی ماددیش بەر دەزگاکانی دەوڵەت و بارەگا حزبییەکان لە چەند شارێکی خوارووی عێراق کەوتووە.

ئەمڕۆ سەرەڕای سەپاندنی قەدەغەکردنی ھاتوچۆ لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە، بەڵام خۆپیشاندەران بۆ شکاندنی بەربەستەکان و قەدەغەکردنی ھاتوچۆ ھاتنە سەر شەقامەکان و ھەوڵیاندا ریزی ھێزە ئەمنییەکان تێپەڕ بکەن بۆ گەیشتن بە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا .

بەشێک لە خۆپیشاندەران دەڵێن کە لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە بۆ بڵاوەپێکردنیان بە گولـلە وەڵام دراونەتەوە.

لە لای خۆیەوە تۆڕی راگەیاندنی عێراقی حکوومی لە زاری سەرکردەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی گواستەوە کە دۆخی ئەمنی لە بەغدا لەژێر کۆنترۆڵدایە، سەرەڕای بوونی ھەندێک گردبوونەوەی خۆپیشاندەران.

ئاماژەی بەوەیشکرد کە گۆڕەپانی تەحریر و ناوچەکانی دەورووبەری ھیچ خۆپیشاندەرێکیان تیادا نییە.

شایەنی باسە داواکاری خۆپیشاندەران بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان و رەخساندنی ھەلی کار و نەھێشتنی بێکاری و گەندەڵی کارگێری و داراییە لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا، بەشێک لە خۆپیشاندەرانش دروشمی رووخانی دەسەڵاتیان بەرزکردبوویەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×