پەرلەمانتارێك نوێترین قسەی سەرۆكی دادگای فیدراڵی لەبارەی تەوتین و سێ موچەكە ئاشكرادەكات
  2024-04-20       780       

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەكگرتوی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، سەرۆكی دادگای فیدراڵی عێراق لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ فراكسیۆنەكەیان وتویەتی، تەوتینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت لەڕێگەی یەكێك لە بانكە حكومییەكانی عێراقەوە بكرێت و یەكلاكردنەوەی سێ موچە نەدراوەكەی ساڵی رابردوش لە تایبەتمەندی دادگاكەی ئەوان نییە.

ئاوێنە: موسەننا ئەمین، ئەمڕۆ شەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێنجشەممەی رابردو لەگەڵ حاكم جاسم، سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق وەكو فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی كۆبوینەوە.

موسەننا ئەمنی وتی، ئامانجێكی كۆبونەوەكە بۆ ئەوە بو "لە جیاتی هەمو خەڵكی كوردستان و هەمو موچەخۆرانی هەرێم، سوپاسێكی شایەن پێشكەش بەو پیاوە بەڕێزە بكەین كە خۆی و ستافی دادگاكەی توانیان زیاتر لە 10 ساڵ كات بۆ ئێمە بگەڕێننەوەو كێشەی موچە رزگاربكەن لەوەی ببێتە مایەی مساوەماتی سیاسی و تەفرەدان لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق."

ئەوەشی خستەڕو"ئەو بڕیارە بوێرانەیەی كە دادگای فیدراڵی دای، پێویستی بەوە بو كە سوپاسێك بكرێت، من لای سەرۆكی دادگای فیدراڵی وتم، ئەگەر دادوەرێكی كوردیش ئەو بڕیارەی بنوسیایە، بەو بوێری و باشییە نەیدەنوسی. من بە سەرۆكی دادگام وت، ئەگەر نوێژەكانت بكەیت و توشی تاوانی گەورە نەبیت، بە كەوش و كڵاشەوە دەچیتە بەهەشت. هیچ چاكەیەك نەكەیت لە ژیانی خۆتدا ئەمەی كردت بۆ خەڵكی كوردستان بەسە بۆ ئەوەی تۆ بەرێتە بەهەشت."

هەروەها ئاماژەی بەوەشدا كە یەكێكی دیكە لە ئامانجەكانیان بۆ كۆبونەوە لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی ئەوەبو كە پرسیار كردن بوە لەبارەی چارەسەركردن و یەكلاكردنەوەی پرسی جیاوازی موچەی خانەنشینان، شەهیدان، زیندانیان سیاسی لەنێوان بەغداو هەرێم و هەروەها پرسی پلەبەرزكردنەوەو تەوتین.

لەبارەی یەكلاكردنەوەی جیاوازی موچەی خانەنشینان و شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، فراكسیۆنی یەكگرتو پرسیاری ئەوەیان لە سەرۆكی دادگا كردوە كە ئایا ئەوە پێویستی بە سكاڵایە یاخود دادگای دەتوانێت بە رونكردنەوەیەك چارەسەری بكات، موسەننا ئەمین ئاماژەی بەوەدا كە لەوبارەیەوە سەرۆكی دادگا وتی، لە دو هەفتەی داهاتودا جارێكی تر لەگەڵتان كۆدەبمەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەتان.

هەروەها موسەننا ئەمین وتی، دەربارەی سێ موچە نەدراوەكەی ساڵی رابردوی فەرمانبەران لێمان پرسی، ئەو وتی، بابەتی یەكلاكردنەوەی ئەو سێ موچەیە لەچوارچێوەی تایبەتمەندی دادگای فیدراڵیدا نییە. لەوانەیە تایبەتمەندی دادگای ئیداری بێت یان دادگایەكی دیكە.

پەرلەمانتارەكەی یەكگرتو وتیشی، هەروەها لەبارەی چۆنیەتی تەوتین پرسیارمان لێكردو سەرۆكی دادگا وتی، بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی رونە دەبێت موچەی خەڵك لە بانكێكی حكومی فیدراڵی جێگیربكرێت، لەدوای ئەوە لە رێگەی هەر بانكێكی ترەوە دەدرێت ئاساییە، بەڵام دەبێ موچەی موچەخۆرانی هەرێم پێش هەمو شتێك لە بانكێكی حكومی فیدراڵیدا بەناوی چواری و جۆری وەزیفەو پلەی وەزیفی و وەردەكاری بڕی موچەی موچەخۆرەكەوە، جێگیربكرێت.

زۆرترین بینراو
وەزیری بەرگریی تورکیا: ئەندامانی پەکەکە بەئارەزوی خۆیان لەپارێزگای سلێمانی هاتوچۆ دەکەن
تەیف سامی: موچەی خانەنشینانی ھەرێم و عێراق هاوتا ناكرێت
میدیا عێراقییه‌كان هۆكاری دواكه‌وتنی ناردنی‌ موچه‌ی موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم ئاشكرا ده‌كه‌ن
له‌گه‌ڵ فشاره‌كانی‌ پارتی‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی‌ سەردانی‌ ئێران ده‌کات
وەفدێكی سینات بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئەمریكا وەك هاوپەیمانێك گرنگی بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ هەرێم دەدات
"موچەی مانگی 4 بەدەستپێکردنی به‌بانكیكردنی‌ موچه‌و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت"
په‌رله‌مانتارێكی پارتی: هەڵبژاردن دواشبخرێت مه‌رجه‌كانمان جێبەجێ نه‌كرێت بەشداری ناکەین
وه‌فدی بانكی TBI سه‌ردانی هه‌رێم ده‌كات‌و لەگەڵ تیمی پرۆژەی "هه‌ژماری من" كۆده‌بێتەوە
پەیامێك لە دەستەی داكۆكی لە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە لەبارەی تەوتین و هەژماری من
بانكی TBI: بۆ دانانی میکانیزمی‌ بەبانکیکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم سه‌ردانی‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ین
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×