ئەندامێکی لیژنەی دارایی رەتیدەکاتەوە ناردنی موچە بۆ هەرێم پەیوەست بێت بەرادەستكردنی نەوت
  2019-01-25       944       


ئەندامێکی لیژنەی دارایی په‌رله‌مانی‌ عێراق رەتیدەکاتەوە ناردنی موچە بۆ هەرێم پەیوەست بێت بەرادەستكردنی نەوت، به‌وته‌ی‌ ئه‌و، حکومەتی عێراق ناچارکراوە بەوەی موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە خەرج بکات.


ئاوێنه‌: له‌رونكردنه‌وه‌یه‌كدا هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاندووه، بەپێی ماددەی (10) بڕگەی (ج)، حکومەتی عێراقی ناچار کراوە بەوەی (تعویضات الموضفي الاقلیم) بدات، لەهەمان مادەو بڕگەی (ب) حکومەتی عێراقی ناچار کردوە کە موچەی پێشمەرگە بدات.



ناوبراو ده‌ڵێت، بودجەی گشتی عێراق تەنها کۆمەڵێک ماددە نییە، بەڵکو کۆمەڵێک خشتەشە، بەپێی خشتەی (و) باسی ئەو خەرجییانە دەکات کە بە شێوەی مەرکەزی پارەدار دەکرێن‌و لەو جەدوەلەدا بەشێک هەیە بەناوی (تعویچات الموچفین)ە کە مەبەست لێی موچەی فەرمانبەرانە و پشکی هەرێم بە (5,448,000,000) دینار دیاریکراوە کە ئەگەر دابەشی (12) مانگ بکرێت، دەکاتە (454) ملیار دینارو لەبرگەی (ج) حکومەتی عێراقی ناچارکراوە بە خەرجکردنی ئەو حەقلە کە موچەیە.



رونیشیکردۆتەوە، موچەی پێشمەرگە لەبڕگەی (ب) خراوەتە سەر وەزارەتی بەرگری‌و لەبنەڕەتدا موچەی پێشمەرگە بەشێک نیە لە پشکی هەرێم.



هۆشیار عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکردووه‌، جگە لە دەق و ماددەکان، رێککەوتن کراوە لەسەر ئەوەی موچە دور بێت لە مملانێی سیاسیی و دۆسییە نەوت و بڕوامان بەکوتلەکان هێناوە کە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە نەبڕدرێت و سەلماندویانە.



ئەو پەرلەمانتارە لە وەڵامی فازڵ نەبی، بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی کە باسی لەوەکردبو، موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بەستراوەتەوە بە رادەستکردنی نەوت، دەڵێت: زانیارییەکانی بریکاری پێشوی دارایی نادروستن و دەیەوێت رەشبینی بڵاوبکاتەوە.



جەختیشی کردۆته‌وە لەوەی، زیاتر لەمانگێکە سەرقاڵی دانوستان بون و تیمی حکومەت و پەرلەمانی هەرێمیش لەسەر خەت بون و بودجەکەیان پێ پەسەند بوە.



ته‌واوی‌ رونكردنه‌وه‌كه‌ی‌ هۆشیار عه‌بدوڵا له‌به‌شی‌ بیرورای‌ ئاوێنه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×