گەرمیان؛ زیندانکراوێکی سیاسی مانگرتن ڕادەگەیەنێت
  2019-10-09       401       


بەقاتێکی کوردیەو لەپێش بینای بەڕێوەبەرایەتی کاروباری زیندانە سیاسیەکانی گەرمیاندا لەبەر خۆرێکی گەرمی گەرمیان وەستابو، "داوای مافی خۆی دەکرد" .

ئاوێنه‌ - ئه‌یاد محه‌مه‌د: (حمید محمد مراد) ناوی ئەو پیاوە قات لەبەرەبو کە لەپێش بەڕێوەبەرایەتی کاروباری زیندانە سیاسیەکانی گەرمیان وەستابو بۆ ئاوێنە وتی:" من زیندانی سیاسیم، دوبرام پێشمەرگەبوە، لەئەنفالدابوین لەهەمو بەدبەختیەکاندابوین، خۆم دوجار زیندانی سیاسیم یەکەم جار لە 5_10_1985 زیاد لەساڵێک لەزیندان بوم ئەشکەنجەی زۆریان دام کاری لێم کردوە زەربە بەر سەرم کەوتوە، زیندانی دوەم بەنزیکەی شەش مانگ دوای ئەنفال بو لەساڵی 1989 بەهەردو جارەکەوە نزیکەی دوساڵ لەزیندان دابوم"

وتیشی: "ئێستا من لێرە مانگرتنم ڕاگەیاندوە، دوبرام پێشمەرگەبو لەدوای ئەنفال یەکێکیان هاتەوەحکومەت گرتی، ئەوەندە ئازاریان دا تێک چو هەتاکو کۆچی دوایکرد یەک دیناری لەم کوردستانە وەرنەگرت، براکەی تریشم ئێستا لەماڵدایە کاتی خۆی کەپێشمەرگەبو لەشەڕی هەڵەبجە بەشداربو کیمیاوی دای لێی ئەویش لەماڵدا کەوتوە".

حمید، لەسەر قسەکانی بەردەوام بو وتی:  من داوای مافی خۆم دەکەم موچەکەم پێبدەن، هەر ئەڵێن قەیرانی داراییە، من موچەم یەک دینار وەرنەگرتوە، لەساڵی 2014 وە مامەڵەم تەواوکردوە هەویەم بۆکراوە لەباتی یەک هەویە دو هەوێیان پێداوم، بەڵام تائێستا یەک دینارم وەرنەگرتوە، یەک مەتر زەویم وەرنەگرتوە".

لەپرسیارێکی ئاوێنەدا، لەبارەی مانگرتنەکەیەوە تاکەی بەردەوام دەبێت وتی:" لێرە مانگرتنم ڕاگەیاندوە نایشکێنم یان دەبێت مافم پێبدەن یان دەبێت لێرە بمرم، هەتاکو جوابم نەدەنەوە ئیشم بۆنەکرێت لێرەدەبم، سەردانی زۆر بەرپرسم کردوە هەردەڵێن ئێوە حەقی خۆتانە بەڵام هیچم بۆناکەن".

بەوتەی حمید خۆی بەهۆی ئەو ئازارانەی زیندانەوە لەئێستادا دۆخی تەدروستی زۆر باش نیە ئەویش دوای ئەوەی دکتۆر ئاگاداریکردوەتەوە کەڕەنگە لەداهاتودا توشی جەڵدەی بکات.

ئاوێنە پەیوەندی بە فەرهاد تۆفیق، بەرپرسی بەشی زیندان سیاسیەکانی گەرمیانەوە کرد و لەوبارەیەوە ڕایگەیاند:" ئەو بەڕێزە ناوی ڕاستەو پشتڕاست کراوەتەوە لای ئێمە هەمو ئیش و کارەکانی تەواوکردوە، ئەوەی کاری یاسای بێت تەواو بوە لەوەجبەی 9 یە، بەڵام قەیرانی دارای هاتە به‌ سەریا لەو ساڵەوە تائێستا موچە بۆ کەس سەرفنەکراوە"

ڕونیکردەوە: "هەموشتێکی تەواو بوە ناوی لەوەزارەتە کۆدی هەیە، هەمو مافێک ئەبێت وەربگرێت بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەکراوە شتەکەگشتیە تەنها ئەو نیە".

زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×