تره‌مپ: بیرۆکەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەی توركیا خراپە پاڵپشتی ئەو هێرشە ناکەین
  2019-10-09       1034       


لە دوای ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ رۆژئاوای کوردستان، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ''بە روونی بە تورکیایان وتووە بیرۆکەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەیان خراپە و ئەوان پاڵپشتی ئەو هێرشە ناکەن''.
 
ئاوێنه‌: لە راگەیێندراوەکەدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە دۆناڵد ترەمپ دەڵێت "ئەم بەیانییە تورکیا کە ئەندامی ناتۆیە سووریای داگیرکرد، تورکیا پەیمانی داوە پارێزگاری لە خەڵکی سڤیل و کەمایەتییە ئاینییەکان لەنێویاندا کریستیانەکان بکات و بەوەش هیچ قەیرانێکی مرۆیی روونادات". 
 
لەبارەی بوونی سەربازی ئەمریکی لەو ناوچانەی تورکیا هێرشی دەکاتە سەر، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نووسیویەتی "هیچ سەربازێکی ئەمریکی لەو ناوچانە نەماون، لەو رۆژەوەی چوومە نێو بواری سیاسییەوە، بە روونی وتم کە نامەوێت درێژە بەم شەڕە بێکۆتا و بێمانایانە بدەم، بەتایبەتی ئەوانەی هیچ سوودێک بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناگەیێنن. هەر شتێکیش رووبدات دەیخەینە ئەستۆی ئەوان". 
 
سەبارەت بە چەکدارانی داعش لە ناوچەکە، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەشکردووە، تورکیا بەرپرسیارە لەوەی دڵنیایی بدات لەوەی هەموو چەکدارانی داعش کە زیندانی کراون لە زیندانییەکان بمێننەوە و داعش بە هیچ شێوەیەک سەرهەڵنەداتەوە.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەشدا ترەمپ دەڵێت، لە نزیکەوە سەیری دۆخی سووریا دەکەن، پێشبینیش دەکەن تورکیا پابەندی هەموو پەیمانەکانی بێت.
 
هەروها لە تویتێکی تردا رایگەیاند ''8 ملیار دۆلارمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەفیڕۆداوە و هەزاران سەربازمان گیانی لەدەستداوە هاتن بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خراپترین بڕیاری مێژووی ئەمریکا بووە''.

وتیشی: لەسەرخۆ هەموو سەربازەکانمان دەگەڕێنینەوە بۆ نیشتیمان.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، ئەردۆغان  دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی رۆژهەڵاتی فوراتی راگەیاند  فڕۆکەکانی تورکیا دەستیان بە بۆردوومانكردنی ڕۆژئاوای كوردستان كرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×