كۆمەڵی ئیسلامی: داوای وەستاندنی بەپەلەی شەڕ و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان دەكەین
  2019-10-10       672       
كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامی‌ كوردستان راگه‌یه‌نراوێكی‌ له‌سه‌ر دۆخی‌ رۆژئاوای‌ كوردستان‌و هێرشی‌ سه‌ربازی‌ توركیا بۆسه‌ر رۆژهه‌ڵاتی‌ فورات بڵاوكرده‌وه‌و داوای وەستاندنی بەپەلەی شەڕو پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە ده‌كات.


ئاوێنه‌: ده‌قی‌ به‌یاننامه‌كه‌

‎کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان

‎ئەنجومەنی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی بەیاننامەیەک لەسەر هێرشی سوپای تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لە سوریا بڵاو دەکاتەوە.

‎کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان لەم چەند خاڵەدا جەخت لە هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی دەکاتەوە:

‎یەکەم: هەموو  سنوربەزاندنێکی وڵاتێک بۆ نێو وڵاتێکی دیکە ئیدانە دەکەین‌و بە پێچەوانەی یاساو عورفە نێودەوڵەتییەکانی دەزانین، گەرچی لەم ساڵانەی دواییدا سوریا بووەتە گۆڕەپانی ململانێی هێزو وڵاتە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییەکان.

‎دووەم: گەلی کورد مافی خۆیەتی لە ناوچەو خاکی خۆیدا سەربەست‌و ئازاد بێت‌و خاوەنی ئیدارەو ئیرادەی خۆی بێت، بەڵام دەبێت پەندیش لە ڕابردوو وەربگرێت‌و زیاتر پشت بە خودا ببەستێت‌و لەسەر پێی خۆی بوەستێت‌و پلان‌و ئەجێندای ‌وڵاتانی زلهێز جێبەجێ نەکات‌و دواتریش پشتی لێ بکرێت، دەبێت بڕیار بەدەستانی ڕۆژئاوای کوردستانیش وریابن‌و بیانوو بەدەست هیچ هێزو وڵاتێکەوە نەدەن تا هێرشیان بکرێتە سەر و وەک مەترسی سەیربکرێن.

‎سێیەم: ئێمە پێمان وایە بەکارهێنانی هێز بەدرێژایی مێژوو چارەسەری کێشەی کورد و وڵاتانی دیکەی نەکردووە و تاکە ڕێگای راست بۆ هەردوولا لە گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتیانە دەبینینەوە، لەم سۆنگەیەوە داوای وەستاندنی بەپەلەی شەڕو پاراستنی گیانی هاوڵاتیانی ئەو ناوچانە دەکەین.

‎کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان
10ـی تشرینی یه‌كه‌می 2019
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×